نه‌وا-لاڤه كورده
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤی هه‌رێم داواده‌كات یاسای خۆپیشاندان هه‌مواربكرێته‌وه و ده‌شڵێت "ده‌بێت ره‌زامه‌ندی وه‌رگرتن بۆ خۆپیشاندان ته‌نها ببێت به ئاگاداركردنه‌وه".
زیا پترۆس سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤی هه‌رێم له‌لێدوانێكدا بۆ رادیۆ نه‌وا وتی "خۆپیشاندان و گردبونه‌وه بۆ هه‌ر هاووڵاتییه‌ك له‌پێناو داواكردنی مافی خۆیدا به ده‌ستوری عیراق رێكخراوه و هه‌روه‌ها له هه‌رێمی كوردستانیش یاسایه‌ك هه‌یه، بۆیه كه یاسا هه‌بو به دڵنیایی ده‌بێت پابه‌ندبون به‌و یاسایه هه‌بێت، به‌ڵام زۆرجار ئه‌و خۆپیشاندان و گردبونه‌وانه‌ی له هه‌رێم ده‌كرێن، گرژیی دروستده‌بێت وه‌ك خۆپیشاندانه‌كه‌ی سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی دهۆك، كه هێزه ئه‌منییه‌كان بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان له‌وێ بون، به‌ڵام گرژیی له‌نێوانیاندا دروستبو".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پێویسته یاسای ژماره 11ی ساڵی 2010 تایبه‌ت به خۆپیشاندان هه‌مواربكرێته‌وه و له بری ره‌زامه‌ندی وه‌رگرتن له ئیداره‌ی ئه‌و شوێنه جا پارێزگار بێت یان قائیمقام، ته‌نها ئاگاداربكرێنه‌وه، كه خۆپیشاندان ده‌كه‌ن به مه‌رجێك شوێنه‌كه دیاریبكرێت، ئه‌وانیش ده‌بێت هێزێك بنێرنه ئه‌و شوێنه بۆ پاراستنی خۆپیشانده‌ران.