وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لەبارەی ئەگەری توندكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ رونكردنەوە دەدات

20/05/2020

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر
بەهۆی تۆماركردنی سێ حاڵەتی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەنێو ستافی نەخۆشخانەی شۆڕش لە سلێمانی، بڕیاری كەرەنتینكردنی ئەو ناوەندە تەندروستییە درا. وەزارەتی تەندروستیی هەرێمیش گریمانەی توندكردنی قەدەغەی هاتوچۆی نییە.
لەبارەی ئەو سێ حاڵەتەی نەخۆشخانەی شۆڕش لە سلێمانی. دكتۆر شەماڵ جەبار یاوەر بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە لەلێدوانیدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن وتی "سێ كارمەندی نەخۆشخانەكەمان توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بون، بەو هۆیەشەوە لەكاتژمێر 8ی بەیانی ئەمڕۆوە بۆ ماوەی 48 كاتژمێر نەخۆشخانەكەمان داخستوە".
لەلایەن خۆیەوە دكتۆر محەمەد قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لە لێدوانێكدا بە رادیۆ نەوای راگەیاند، رۆژانە حاڵەتی تازەی توشبون بە نەخۆشی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستاندا تۆماردەكرێن و هێشتا هەرێمی كوردستان لەژێر مەترسیدایە. ئەوەیشی رۆژانە هەیە لەنێوان حەوت بۆ 11 حاڵەت تۆماركراوە و بەلای وەزارەتەوە چاوەڕوان كراوبوە.
وتیشی "لەئێستادا هیچ پێشنیار و گریمانەیەكمان نییە بۆئەوەی داوای قەدەغەی هاتوچۆ بكەین یان توندبكرێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەو حاڵەتانە بۆ سێ هێندە و زیاتر بەرزببنەوە ئەوا ئەوكات گریمانەی قەدەغەی هاتوچۆ دەخەینە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەكان".
لەبارەی توانای نەخۆشخانەكانی كوردستانیش بۆ وەرگرتنی توشبوانی كۆرۆنا، دكتۆر محەمەد قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی وتی "ئەوەی رۆژانە تۆماردەكرێت هێشتا لە توانای نەخۆشخانە و كارمەند و ئامێر و دەرمانی كوردستاندایە و دەتوانین كۆنتڕۆڵی بكەین، پلانی دووەمی ئێمەش ئەوەیە هەموو نەخۆشخانەكانی كوردستان بكەین بە نەخۆشخانەی كۆرۆنا بە ئەهلییەكانیشەوە، بەڵام تائێستا پێویستمان پێی نەبوە".


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group