هیومان رایتس وۆچ: حكومەتی هەرێم بزمارێكی تری لە تابوتی ئازادی رادەربڕیندا

20/05/2020

نەوا
رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ دەستگیركردنی خۆپیشاندەرانی دهۆك بە بە داكوتینی بزمارێك لە تابوتی ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستان ناو دەبات.
لە وتارێكدا كە لە لایەن بەلكیس ویلە لێكۆڵەری باڵا لە بەشی قەیران و ئاڵۆزیەكان لە رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ نوسراوە، ئاماژە بەوەكراوە، بە دەستگیركردنی دەیان خۆپیشاندەر لە دهۆك، حكومەتی هەرێم بزمارێكی تری لە تابوتی ئازادی رادەربڕیندا.
باسی لەوەشكردووە، لە خۆپیشاندانەكەی دهۆكدا كە لە دژی دواكەوتنی دابەشكردنی موچە بووە، چەندین كەس لەوانە هەشت رۆژنامەنوس دەستگیركراون.
نوسیویشیەتی، دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەكان هۆكاری دەستگیركردنی خۆپیشاندەران بۆ رێكارەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا گەڕاندۆتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە سەرجەم رێكارەكان و كۆت و بەندەكانی بەردەم هاتوچۆ هەڵگیراون و هیچ بەربەستێكیش لەبەردەم گردبوونەوەدا رانەگەیەنراوە.
هاوكات لێدوانێكی تری دیندار زێباری و فەرهاد ئەتروشی پارێزگاری دهۆكی بە بیرهێناوەتەوە، كە باسیان لەوەكردووە لایەنە سیاسیەكان لە پشت خۆپیشاندانەكەوە بوون و لەو رووەشەوە رایگەیاندووە، ئەگەر ئەو تۆمەتە راست بێت چ كێشەیەكی تێدایە؟ جەختی لەوشەكردۆتەوە، كە ئەو لێدوانانە مەترسیدارن و ئاماژەن بەوەی لە هەرێمی كوردستان رێگە بە دەربڕینی بیر و رانادرێت ئەگەر بە پێچەوانەی بیر و رای لایەنی دەسەڵات بێت.
بەلكیس ویلە هێمای بۆ ئەوەش كردووە، كە لە چوار ساڵی رابردوودا بەشداری 12 كۆبوونەوەی كردووە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم و بەردەوام ئەو بەرپرسانە باسیان لەوەكردووە، بە بەراورد لەگەڵ بەغدا هەرێم زیاتر پابەندە بە بنەماكانی مافی مرۆڤەوە، بەڵام رووداوەكانی ئەم دواییە دەریخستووە كە هەرێمی كوردستان شوێنێكی پارێزراو نییە بۆ گردبوونەوەی ئاشتیانە و ئازادی رادەربڕین.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group