سەرۆكی پەرلەمان: پێویستە پێكهاتەكان بەشێك بن لە چارەسەر

20/05/2020

نەوا
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، پێویستە پێكهاتەكانی كوردستان، لە هەمووان زیاتر پابەندی پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی و ئۆقرەیی سیاسی بن لە كوردستان و بەشێكبن لە چارەسەر.
بەپێی راگەیەنراوێك كە لەلایەن نوسینگەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوە بڵاوكرایەوە، رۆژی چوارشەممە ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی پاتریاك (مار ئیبرس) پاتریاكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی كردوەو لە دیدارێكدا باسی گیانی برایەتی تەبایی نێوان سەرجەم پێكهاتەكانی كوردستان و، مێژوو و كلتوری هاوبەشی نێوان گەل ونەتەوەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق كرا”.
هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاندووە، لە پەرلەمانی كوردستان بەوپەڕی توانایانەوە هەوڵیانداوە گیانی خۆشەویستی و ئاشتی نێوان پێكهاتەكانی كوردستان بپارێزین، و یەكێك لە شانازییەكانی هەرێمی كوردستان بریتییە لەو تەبایی وپێكەوە ژیانەی كە لەسەر ئاستی عێراق وناوچەكەدا ڕەنگی داوەتەوە.
سەرۆكی پەرلەمان بە پێویستی دەزانێت، پێكهاتەكانی كوردستان لە هەمووان زیاتر پابەندی پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی و ئۆقرەیی سیاسی بن لە كوردستان و بەشێكبن لە چارەسەر، بۆ ئەوەی بەهەموو لایەك پێكەوە بتوانن بەسەر كێشەو گرفتەكاندا زاڵبن و ویست وداخوازییەكانی هاوڵاتیان بهێننەدی و نوێنەری ڕاستەقینەی ئەوان بن.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group