نەوا
وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند كە هێشتا 400 ملیار دینارەكەی بەغدا كە مستەفا كازمی بڕیاری رەوانەكردنی داوە، نەگەیشتوەتە هەرێم.
لە رونكردەوەیەكدا وەزارەتی دارایی هەرێم باسی لەوەكردووە: سەڕەڕای ئەوەی سەرۆك وەزیرانی عیراق رەزامەندیی دا لە سەر ناردنی بڕی 400 ملیار دینار وەك بەشێك لە موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە بڕیار بوو بەر لە جەژن بگاتە دەستی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان، بەڵام بۆ ئاگاداری هەموو لایەك تا ئێستا ئەو بڕە پارەیە نەگەیشتووە.
راشیگەیاندوە " وێڕای سەختی باری دارایی و كەمبوونی داهاتی هەرێم بە رێژەیەكی زۆر ، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەو داهاتەی لە بەردەستە لە فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ و قەرزكردنەوە، مووچەی سەرجەم موچەخۆرانمان بەر لە جەژنی پیرۆزی رەمەزان دابەشكرد."
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق بەڵێنی بە هەرێمی كوردستاندا كە بۆ موچەی مانگی نیسانی موچەخۆران، بڕی 400 ملیار دینار بنێرێت.