نه‌وا
شاندێكی عێراق له سعودیه‌یه و ده‌یه‌وێت ریاز پشتیوانییه‌كی به‌په‌له‌ی دارایی بكات، وه‌زیری دارایی عیراقیش دوپاتیده‌كاته‌وه، پلانیان هه‌یه بۆ دروستكردنی باڵانسی ئابوری و دارایی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ، به‌شێوه‌یه‌ك بازاڕی وڵاته‌كه بۆ هه‌موان كراوه بێت، نه‌ك بۆ یه‌ك لایه‌ن قۆرخ بكرێت.
دوێنێ هه‌ینی شاندێكی عێراق به سه‌رۆكایه‌تی عه‌لی عه‌بدولئه‌میر عه‌لاوی وه‌زیری دارایی گه‌یشتونه‌ته ریازی پایته‌ختی سعودیه، به‌وته‌ی سه‌رۆكی شانده‌كه، ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌یان كاركردن بووه له‌سه‌ر سێ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی له چوارچێوه‌ی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی سعودیه و عێراق، به‌تایبه‌ت كه له‌ئێستادا به‌غدا به‌شێوه‌یه‌كی به‌په‌له پێویستیه‌كی زۆری به‌پاره‌ی نه‌ختینه‌یه بۆ دابینكردنی موچه و شایسته داراییه‌كانی فه‌رمانبه‌ران".
وه‌زیری دارایی عیراق به رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت-ی سعودیی راگه‌یاندوه، سێ ته‌وه‌ر له‌گه‌ڵ لایه‌نی سعودیی باسكراوه، له‌وانه پشتیوانی دارایی به‌په‌له بۆ عێراق، هاندانی كۆمپانیاكانی سعودیه، به‌تایبه‌ت كۆمپانیاكانی بواری كشتوكاڵ و وزه بۆ روكردنه بازاڕه‌كانی عێراق، ته‌وه‌ری سێهه‌میش كاراكردنی لایه‌نی بازرگانیی نێوان هه‌ردو وڵات".
عه‌لی عه‌لاوی نه‌شیشاردوه‌ته‌وه، له ئێستادا عێراق پێویستی به پشتیوانی دارایی به‌په‌له هه‌یه بۆ دابینكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌كانی، پلانێكی نوێیان هه‌یه بۆ دروستكردنی باڵانسی ئابوری و دارایی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ، به‌شێوه‌یه‌ك بازاڕی عێراق بۆ هه‌موان كراوه بێت، نه‌ك بۆ یه‌ك لایه‌ن قۆرخ بكرێت".