وەزیری تەندروستی: 8٪ی توشبوانی كۆرۆنا سەرچاوەی توشبونیان دیار نییە

24/05/2020

نەوا
وەزیری تەندروستی دەڵێت،  هەرێمی كوردستان لە قۆناغی دوەمی هەڵكشانی كۆرۆنادایە و رێژەی 8٪ی توشبوانی ڤایرۆسەكە، سەرچاوەی توشبونیان دیار نییە و ئەوەش مەترسیدارە.
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، كۆی گشتی حاڵەتەكانی توشبون لە هەرێم 476حاڵەت بوە و لەو ژمارەیەش 386 حاڵەت چارەسەركراون، لەگەڵ تۆماركردنی پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدان.
لە بارەی تۆماركردنی حاڵەتی نوێوە، وتی:"لە دهۆك حاڵەتێكی دیكە و لە سلێمانی هەشت حاڵەتی دیكەی كۆرۆنا تۆمار كراون. ئەوەی دهۆك لە تیمی پاسەوانی بوە و گەڕاوەتەوە هەرێم".
سەبارەت بە هۆكاری زیادبونی حاڵەتەكانی توشبون، وەزیری تەندروستی رایگەیاند: ئەوەی ئێستا هەیە، بەردەوامی شەپۆلی یەكەمی كۆرۆنایە. لە هەڵكشانی دوەمی پەتاكەداین. بەڵام خۆشبەختانە هێشتا لە كۆنترۆڵ دەرنەچوە. ".
وەزیری تەندروستی رونیشیكردەوە،"ڤایرۆسەكە لە كۆمەڵگەدا هەیە. رێكخراوە جیهانییەكان رونیانكردوەتەوە، هەندێك هاوڵاتی توشبون بە بێ ئەوەی سەرچاوەی توشبونیان دیار بێت. بۆیە مەترسیدارە. پێویستە رێككارەكانی خۆپارێزی بە جدی وەرگرن".
ئاماژەی بەوەشكرد، لە هەرێمی كوردستان تا ئێستا رێژەی مردن 1٪ە‌ ئەوەش كەمترین رێژەی مردنە. رێژەی بڵاوبونەوەش %1.6، تەنیا لە 8٪ی حاڵەتەكان سەرچاوەیان نادیارە و ئەوانی تر بە هۆی بەركەوتنەوە بووە"‌.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group