نەوا
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نیشتیمانی كورد لە سوریا دەڵێ، گفتوگۆی نێوان ئەنەكەسە و تەڤدەم بەردەوامە و، بڕیارە دوای جەژنی رەمەزان رێككەوتنی ئیداری و سەربازیش ئەنجام بدرێت، ئەوانەش لە ژێر ڕۆشنایی كۆبوونەوەكانی هەولێر و دهۆكن.
كاوە ئازیزی ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتیمانی كورد لە سوریا، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە، ئەنەكەسە و تەڤدەم رێككەوتنێكی سیاسیی كوردانەیان ئەنجامداوە و، بڕیاردراوە لەهەموو پرسێكی نەتەوەیی پەیوەست بە كورد لەگەڵ هەموو لایەك یەك هەڵوێست و یەك دەنگ بن، ئەمەش هەنگاوێكی باشە بۆ كورد لە رۆژئاوای كوردستان، بۆ ئەوەی بتوانن مافەكانیان بەدەست بێنن".
وتیشی: "ئێستا چەند لیژنەیەكیش درووستكراون بۆ ئەوەی دوای جەژنی رەمەزان دەست بەگفتوگۆ بكەن، بۆ ئەوەی لەبواری سەربازی و ئیداری و ئابووری و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی رۆژئاوای كوردستان رێككەوتنێكی دیكە ئەنجام بدەن".
ئازیزی باسی لەوەشكرد، ئەو رێككەوتنانەی ئەنجام دەدرێن لە چوارچێوەی رێككەوتنەكانی هەولێر و دهۆك دەبن و دەكرێنە بنەمای رێككەوتنی نوێ.