نه‌وا
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت، هه‌رێمی كوردستان 27 ملیار دۆلار قه‌رزار نیه به مانای قه‌رزی پشتبه‌ستو به یاسا، چونكه ته‌نانه‌ت یه‌ك لاپه‌ڕه‌ش سه‌باره‌ت به‌م قه‌رزانه له په‌رله‌مانی كوردستان و لیژنه تایبه‌تمه‌نده‌كان دیكۆمێنت نه‌كراوه و بوونی نیه، دوپاتیشیده‌كاته‌وه له‌م دۆسیه‌یه‌دا لانیكهمی متمانه و زانیاری له نێوان حكومه‌ت و په‌رله‌ماندا نیه، بۆیه دوای جه‌ژن وه‌كو په‌رله‌مان كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
د. رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له په‌یجی فه‌رمی خۆی له فه‌یسبوك نوسیویه‌تی: "سه‌رباری خراپی ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتییان و خراپتربونی دۆخی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان به گشتی، حكومه‌تی هه‌رێم 27ملیار دۆلار قه‌رزاره، مه‌به‌ستمه لێره‌وه به لۆژیك و دوور له هه‌مو راڤه بۆكردنێكی سیاسی، بیسه‌لمێنم حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان 27 ملیار دۆلار قه‌رزار نیه به مانای قه‌رزی پشتبه‌ستو به یاسا".
د.رێواز له چه‌ند خاڵێكدا نوسیویه‌تی:
1. ئاماژه یاساییه‌كان ده‌ڵێن: سه‌ره‌تای قه‌رزكردن ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 2014، واته تا كۆتایی كاره‌كانی كابینه‌ی حه‌وته‌می حكومه‌تی هه‌رێم، هه‌رێم هیچ بڕه پاره‌یه‌ك قه‌رزار نه‌بوه، چونكه له یاسای بودجه‌ی گشتی هه‌رێم ژماره1 له ساڵی 2013 كه دواین یاسای بودجه‌یه له په‌رله‌مان په‌سه‌ندكرابێت، له بڕگه‌ی یه‌كه‌می مادده‌ی پێنجه‌م كه تایبه‌ت كراوه به خه‌رجیه‌كان- ئه‌سڵ ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر هه‌رێم قه‌رزار بێت، ده‌بێت له‌ناو خه‌رجیه‌كان ته‌رخانكراوی بۆ دابنرێت- هیچ گوژمه‌یه‌ك ،چ بۆ دانه‌وه‌ی ئه‌سڵی قه‌رز و چ بۆ دانه‌وه‌ی سوودی قه‌رز، دانه‌نراوه.
2. هه‌ر له یاسای بودجه‌ی گشتی هه‌رێم ژماره1ی ساڵی 2013، كورتهێنانی نه‌خشه‌بۆداڕێژراوی بودجه هه‌بوه و له بڕگه‌ی دووه‌می مادده‌ی پێنجه‌م بڕی كورتهێنانه‌كه به یه‌ك ترلیۆن و 684 ملیار و 900 ملیۆن دینار دانراوه، بۆ داپۆشینی كورتهێنانهكهش به‌هیچ جۆرێك باسی قه‌رزكردن نه‌كراوه.
3. له ساڵی 2014وه حكومه‌تی هه‌رێم هیچ پرۆژه یاسایه‌كی بودجه‌ی گشتی نه‌ناردوه‌ته په‌رله‌مان، بۆیه هه‌ر گوژمه پاره‌یه‌ك بۆ هه‌ر بوارێك ئاراسته كرابێت و به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك داهاتی داپۆشه‌ری ئه‌و خه‌رجیانه به‌ده‌ستهاتبن، له ڕوانگه‌ی یاسا و به پێوه‌ری كاری په‌رله‌مانی، بنه‌مای یاسایی دروستیان نیه.
4. له خولی چواره‌می په‌رله‌مان، له‌وكاته‌وه‌ی كه بابه‌تی قه‌رز و پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانه‌كان له رێگه‌ی قه‌رزكردن بو به بابه‌تێكی گرنگ و هه‌ستیار، ئه‌و كاته‌ی قه‌رزده‌ره‌كان به‌بێ بوونی یاسایه‌ك، كه له په‌رله‌مان په‌سه‌ند بكرێت و ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگرتنی قه‌رز بداته ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئاماده‌نه‌بون قه‌رز بده‌نه حكومه‌ت ئیتر پرۆژه‌یاسای راكێشانی مایه له رێگه‌ی قه‌رزكردن له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه نێردرایه په‌رله‌مان و به یاسای ژماره 7ی ساڵی 2015 په‌سه‌ندكرا.
5. به‌پێی یاسای ژماره7ی ساڵی 2015، یاسای راكێشانی مایه له‌ڕێگای قه‌رزكردن له هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق، مادده‌ی دووه‌می، له هیچ بارێكدا نابێت سه‌رجه‌می ئه‌و قه‌رزانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ریده‌گرێت له 5 ملیار دۆلاری ئه‌مریكی زیاتر بێت، كه‌واته هه‌ر بڕێك به‌هه‌ر به‌هایه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م بڕه رێپێدراوه قهرزكرابێت، سه‌رپێچی یاسایه و ده‌بێت پێش هه‌موشت سه‌رپێچیكاران روبه‌ڕوی یاسا بكرێنه‌وه.
6. ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم له ماوه‌ی 5 ساڵ، به‌ده‌ر له‌ئاگاداری په‌رله‌مان، به‌بێ جه‌دوه‌له‌ی قه‌رزه‌كان، به له تاریكی‌دا مانه‌وه‌ی قه‌رزده‌ره‌كان، بڕی قه‌رزه‌كان، نرخی سودی سه‌ر قه‌رزه‌كان، زه‌ماناتی قه‌رزه‌كان، كاتی دیاریكراوی دانه‌وه‌یان، ده‌روازه و بواری خه‌رجكردنیان - سه‌رباری ده‌یانجار داواكردنی ئه‌و زانیاریانه له‌لایه‌ن لیژنه‌كانی په‌رله‌مان، په‌رله‌مانتاران و فراكسێۆنه‌كان- بڕی 27 ملیار دۆلاری ته‌نها بۆ بودجه‌ی به‌كاربردن و به‌دیاریكراوی بۆ موچه قه‌رز كردبێت، ئه‌وا له روانگه‌ی ئێمه‌وه و به پێوه‌ری كاری ده‌وڵه‌تداریی و سیستماتیك، به جێبه‌جێكردنی سنور و ئاستی ده‌ستڕۆیی و صهلاحیهتهكانی وه‌رگرتنی قه‌رز، به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه تهواوكارییهی كه ده‌بێت له نێوان هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێكردن هه‌بێت، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یه‌ك دۆلار قه‌رزار نیه جگه له مووچه‌ی پاشه‌كه‌وتكراوی مووچه‌خۆران و شایسته‌ی دارایی به‌ڵێنده‌ران و سه‌رمایه‌داران كه زۆریان ته‌نانه‌ت مایه‌پووچیش بوون، چونكه ته‌نانه‌ت یه‌ك لاپه‌ڕه‌ش سه‌باره‌ت به‌م قه‌رزانه له په‌رله‌مانی كوردستان و لیژنه تایبه‌تمه‌نده‌كان دیكۆمێنت نه‌كراوه و بوونی نیه.
7. په‌رله‌مان دامه‌زراوه‌یه‌كی ده‌ستورییه و حكومه‌تیش هه‌روه‌ها، په‌یوه‌ندی ئه‌م دوو دامه‌زراوه‌یه‌ش یاسا رێكیخستوه، هه‌ردوو دامه‌زراوه‌كه‌ش دامه‌زراوه‌ی نیشتیمانین و به‌رپرسن له خزمه‌تكردنی ته‌واوی كوردستانیان، ده‌بێت په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌واوكاریی له نێوانیاندا هه‌بێت، چونكه شكۆی هه‌ریه‌كه‌یان په‌یوه‌سته به جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی له خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان و پاراستنیان، په‌رله‌مان له دۆڵێك نیه و حكومه‌تیش له دۆڵێك، ئێمه كاری یه‌كتر ته‌واو ئه‌كه‌ین، به‌ڵام له‌م دۆسیه‌یه‌دا لانیكهمی متمانه و زانیاری و ئاڵوگۆڕ له نێوانماندا نیه، ته‌نها رێگه‌ش بۆ به‌رقه‌راربونی زه‌مینه‌ی كاری هاوبه‌ش، شه‌فافكردنی كۆی دۆسیه‌كه‌یه به ورده‌كاریه‌كانیه‌وه، كه بێگومان دوای جه‌ژن ئه‌بێت هه‌موان پێكه‌وه كاری له‌سه‌ر بكه‌ین.