نه‌وا-لاڤه كورده
به‌هۆی توشبونی ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك به ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌م رۆژانه‌ی دواییدا له هه‌رێمی كوردستان، هه‌ریه‌ك له وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاریان دا تاقیكردنه‌وه‌ی وه‌رزی دووه‌م و كۆرسی دووه‌م نه‌كرێت.
له‌باره‌ی ئه‌و بڕیارانه‌وه، عه‌باس ئه‌كره‌م وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێم له‌میانی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌ی "شه‌قام"ی رادیۆ نه‌وادا وتی "به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی په‌تای گشتگیری كۆرۆنا و لیكه‌وته‌كانی و رێككاره خۆپارێزیه‌كان و گرفت و قه‌یرانی ئابوری، هه‌رێمه‌كه‌مان به قۆناغێكی دژوار‌دا تێپه‌ڕده‌بێت، بۆیه وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌م قۆناغه‌دا هه‌وڵی داوه به ره‌چاوكردنی دۆخی ئابوری و سایكۆلۆجی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندكاران و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی چاره‌سه‌ری واقیعی و گونجاو بۆ پاراستنی خوێندنی ئه‌مساڵ بدۆزینه‌وه، بۆیه ئه‌و بڕیاره دراو ئه‌و زانكۆیانه‌ی په‌یڕه‌وی بۆڵۆنیا پرۆسێس ده‌كه‌ن بڕیاردرا ئه‌ژماركردنی هه‌موو ئه‌و كریدیتانه‌ی كه خوێندراوه و تاقیكردنه‌وه‌ی تێدا ئه‌نجامدراوه بۆ ساڵی خوێندنی 2019-2020، ئه‌و كریدیتانه‌ی نه‌خوێندراوه ئه‌وا دابه‌ش ده‌كرێت به‌سه‌ر سیمیسته‌ره‌كانی داهاتوو له ساڵی خوێندنی 2020-2021 و له سیمیسته‌ره‌كانی ساڵانی داهاتوو ده‌خوێندرێت، چونكه به گوێره‌ی سیستمی بۆڵۆنیا ئه‌مجۆره گۆڕانكاریانه رێگه‌پێدراوه به‌پێی بنه‌ماكانی كۆكردنه‌وه‌ی كریدیت".
وتیشی "سیسته‌می ساڵانه و سیسته‌می كۆ‌رسات، هه‌موو به‌شه‌كان (زانستییه‌كان و مرۆڤایه‌تییه‌كان) ئه‌نجامی تێرمی یه‌كه‌میان بۆ ئه‌ژمار ده‌كرێت بۆ مه‌به‌ستی ده‌رچون یان ده‌رنه‌چونی ساڵی خوێندنی 2019-2020، ئه‌و قوتابی و خوێندكارانه‌ی له ئه‌نجامه‌كانی تێرمی یه‌كه‌م ده‌رنه‌چون یاخود تاقیكردنه‌وه‌یان نه‌كردوه، ئه‌وا زانكۆكان له رێگه‌ی راپۆرتی زانستی یاخود هه‌ر میكانیزمێكی تری گونجاو هه‌ڵسه‌نگاندن ئه‌نجامده‌ده‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی قوتابیان و خوێندكاران بگه‌ڕێنه‌وه نێو كامپه‌سی زانكۆكان، ئه‌و قوتابی و خوێندكارانه‌ی به‌ئه‌نجامه‌كانی تێرمی یه‌كه‌م ده‌رچون ئه‌وا سه‌رپشكن كه دوباره به‌شداربن له‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ی به راپۆرت و میكانیزمه‌كانی تر ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌گه‌ر خوێندكارێك بیه‌وێت نمره‌كانی به‌رزبكاته‌وه له‌پێناو پاراستنی كێبڕكێی زانستی".
سه‌باره‌ت به توێژینه‌وه‌ی ده‌رچوونی قۆناغه كۆتاییه‌كانیش، ده‌ڵێت "نمره‌كان دابه‌ش ده‌كرێن له‌نێوان مامۆستای سه‌رپه‌رشتیار و یه‌ك مامۆستای تری هاوپسپۆڕ، كه هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ توێژینه‌وه‌كه ئه‌نجامده‌دات. سه‌باره‌ت به قوتابیان و خوێندكارانی قۆناغی كۆتایی كۆلیجه‌كانی پزیشكی گشتی و پزیشكی ددانیش ئه‌وا ده‌نێردرێنه ناو نه‌خۆشخانه‌كان بۆ ته‌واوكردنی لایه‌نی پراكتیكی وانه‌كانیان و دواتر هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ ئه‌نجامده‌درێت له‌بری تاقیكردنه‌وه‌ی كۆتایی ساڵی خوێندنی 2019-2020".
عه‌باس ئه‌كره‌م وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێم وتیشی "ئه‌و بڕیاره زانكۆ و په‌یمانگه تایبه‌ته‌كانیش ده‌گرێته‌وه و سه‌باره‌ت به قوتابیان و خوێندكارانی دبلۆمی باڵا و ماسته‌ر و دكتۆرا ئه‌وا به‌پێی بڕیاره‌كانی پێش‌و و پرۆگرامی خوێندنی خۆیان به‌رده‌وامده‌بن".
ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ش بۆ ئه‌و خوێندكارانه‌ی له وه‌رزی یه‌كه‌م له وانه‌یه‌ك یاخود چه‌ند وانه‌یه‌كی ناوه‌نده‌كانی خوێندنی په‌روه‌رده ده‌رنه‌چون، مامۆستا محه‌مه‌د كه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی رانیه بۆ به‌رنامه‌ی شه‌قام وتی "ئه‌گه‌ر قوتابییه‌ك له یه‌ك بابه‌ت كه‌وتبێت و (40) نمره‌ی به‌ره‌و سه‌ره‌وه هه‌بێت ده‌رده‌چێت، ئه‌مه په‌ڕینه‌وه نییه به‌ڵكو راسته‌وخۆ ده‌رچونه، چونكه په‌ڕینه‌وه واته ساڵی داهاتو تاقیكردنه‌وه له‌و وانه‌یه‌دا بكاته‌وه، ئه‌گه‌ر قوتابییه‌ك له یه‌ك بابه‌ت كه‌وتبێت و (45)ی هه‌بێت ئه‌وا به‌بڕیار ده‌كرێته (50)و ده‌رده‌چێت، ئه‌گه‌ر قوتابییه‌ك له سێ بابه‌ت كه‌وتبێت و (47 و 48 و 40 )ی هه‌بێت ئه‌وه( 47 و 48 ) به‌بڕیار ده‌بنه (50) و (40)ه‌كه‌ش به په‌ڕینه‌وه ده‌رده‌چێت، ئه‌گه‌ر قوتابییه‌ك له یه‌ك بابه‌ت كه‌وتبێت و (35) یان زیاتربێت ئه‌وا به‌بڕیار ده‌كرێته (40) و به په‌ڕینه‌وه ده‌رده‌چێت".