توشبوە نوێیەكانی كۆرۆنا لە سلێمانی چەندیان دۆخی تەندروستییان سەختە؟

27/05/2020

نەوا
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی رەتیدەكاتەوە توشبوانی كۆرۆنای چەند رۆژی رابردوو دۆخی تەندروستییان خراپ بێت، تەنها دوو بۆ سێ توشبو نەبێت، بەڵام بوونی نیشانەكانی پەتاكە لەو توشبوانە بە مەترسی دەزانێت، ئەمە جگە لەوەی سەرچاوەی توشبونی هەندێكیان دیار نییە.
دكتۆر هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی، لەمیانی بەشداریكردنی لە گفتوگۆی "نیو كاژێر"ی رادیۆی نەوا رایگەیاند، تۆماركردنی ئەو ژمارە توشبوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چەند رۆژی رابردوو ناونانێن شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسەكە لە هەرێمی كوردستان، بەڵكو گەڕی دووەمی ڤایرۆسەكەیە و هەر درێژكراوەی شەپۆلەكەی پێشووە كە رووی لە هەرێم كرد.
بەڵام جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی ئاشكرایكرد، مەترسیی ئەم گەڕەی توشبوان لەوەدایە كە سەرچاوەی هەندێمیان نەزانراوە، هەروەها ڤایرۆسەكە بەخێراییەكی زیاتر بڵاودەبێتەوە و لەماوەیەكی كەمدا ژمارەیەكی زۆری توشكردووە، ئەمە جگە لەوەی زۆرێك لە توشبوەكان نیشانەی نەخۆشیەكەیان هەیە.
دكتۆر هێرش سەید سەلیم رەتیشیكردەوە دۆخی تەندروستیی توشبوانی ئەم دواییە خراپ بێت و وتی، تەنها دوو بۆ سێ نەخۆش لەژێر باری تەندروستیی سەختدان، لەگەڵ ئەوەی بەگشتی توشبوەكان نیشانەكانی نەخۆشییەكەیان هەیە، بەڵام مەترسییەكە لەوەدایە، ئەو توشبوانەی كە نیشانەكانیان هەیە، لەدۆخێكی مامناوەندی تەندروستییەوە بكەونە دۆخێكی سەختەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group