جه‌نه‌راڵێكى ئه‌مریكى: پێشبینى ده‌كه‌م عیراق داواى مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا بكات

11/06/2020 جیهان

نه‌وا
جه‌نه‌راڵ كینیس ماكنزی فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیى ئه‌مریكا له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌ڵێت "پێشبینى ده‌كه‌م له‌ دانوستانه‌كانى نێوان ئه‌مریكا و عیراقدا، به‌غدا داواى مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا و هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان بكات".
جه‌نه‌راڵ ماكنزی له‌ میانه‌ى به‌شداریكردنی له‌ سیمینارێكدا، كه‌ ناوه‌ندى لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌ واشنتۆن له‌رێگه‌ى ئینته‌رنێته‌وه‌ رێكیخستبو، وتى "وه‌ك ده‌زانن له‌ عیراقین بۆئه‌وه‌ى شكست به‌ رێكخراوى داعش بهێنین و پشتگیرى عیراق بكه‌ین له‌و روانگه‌یه‌وه‌ و گه‌یشتن به‌ سه‌ركه‌وتنى كۆتایى".
هه‌روه‌ها بۆچونى خۆی له‌باره‌ی دانوستانه‌كانى نێوان ئه‌مریكا و عیراق ده‌ربڕیوه‌ و پێیوایه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌غدا داواى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن هێزه‌كانى ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانێتیى نێوده‌وڵه‌تى له‌و وڵاته‌دا بمێننه‌وه‌.
پێشتر مایك پۆمپیۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا ئاشكرایكردبو، رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 11-6-2020 دانوستانى ستراتیژى نێوان واشنتۆن و به‌غدا ده‌ستپێده‌كات و ده‌یڤید هیلأ یاریده‌ده‌رى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ بۆ كاروبارى سیاسى سه‌رۆكایه‌تى شاندی ئه‌مریكى ده‌كات و نوێنه‌رانى وه‌زاره‌ته‌كانى به‌رگرى، وزه‌، خه‌زێنه‌ و چه‌ندین ئاژانس تێیدا به‌شدارن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group