سەرۆكی وڵاتێك توشی كۆرۆنا بوە و لە رێی یاریدەدەرەكانیەوە وڵات بەڕێوەدەبات

17/06/2020 جیهان

نەوا
خوان ئۆرلاندۆ هێرناندێز سەرۆكی هندۆراس توشبونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیاند و ئاشكرایكرد، ئێستا چارەسەر وەردەگرێت، بەڵام لە دورەوە و لە رێی یاریدەدەرەكانیەوە وڵات بەڕێوەدەبات.
خوان ئۆرلاندۆ هێرناندێز لە وتەیەكیدا تەئكیدیكردوەتەوە، كە پشكنینەكانی دەریانخستوە توشی كۆرۆنا بوە.


سەرۆكی هندۆراس باسی لەوەكردوە، بەوپێیەی سەرۆكی وڵاتە و هاووڵاتییەكی بەرپرسە، بۆیە دەیەوێت هەموو هاونیشتمانیان بزانن لە پشوی كۆتایی هەفتە هەستی بە نائارامی كردوە و پاش پشكنین دەركەوتوە توشی پەتای كۆرۆنا بوە.
ئەوەشی رونكردەوە، كە رێنمایی كراوە پشو بدات، بەڵام لە دورەوە و لە رێی یاریدەدەرەكانیەوە كاردەكات، لەگەڵ ئەوەشدا نیشانەی سوكی نەخۆشییەكەی هەیە و چارەسەریش وەردەگرێت و ئێستا هەست بە باشبون دەكات.
هەرچەندە سەرۆكی هندۆراس وردەكاری چۆنێتی توشبونی ئاشكرانەكردوە، بەڵام هاوسەرەكەی و دوو لە یاریدەدەرەكانی بە هەمانشێوە توشی ڤایرۆسەكە بون و سەرجەمیان چارەسەر وەردەگرن.
تائێستا هندۆراس 9 هەزار و 656 حاڵەتی كۆرۆنای تێدا تۆماركراوە و 330 كەسیان گیانیانلەدەستداوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group