نەوا
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا رایدەگەیەنێت، ئەو دەنگۆیانە راست نین كە دەوترێت پزیشكان و كارمەندانی نەخۆشخانەكەیان مانیان گرتبێت بەهۆی دواكەوتنی مووچەكانیان.
دۆستی نەجات بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، وەك هەموو كارمەندانی پزیشكی و نەخۆشخانەكانی دیكە كێشە و گرفتیان هەیە، بەڵام نەخۆشخانەكەیان لە دۆخێكدایە ناتوانن چۆڵی بكەن و بایكۆت رابگەیەنن.
وتیشی: "نەخۆشخانەی هیوا لە ماوەی شەش ساڵی رابردو سەرەڕای كێشەكان بۆ ساتێك چۆڵنەكراوە و ناشتوانین چۆڵی بكەین، چونكە رۆژانە 600 خۆشی شێرپەنجە سەردانمان دەكەن".
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، باسی لەوەكرد، تا دواسات بەردەوام دەبن و ئەگەر تەنها پارەی هاتوچۆشیان پێ مابێت، چونكە ئازایەتی نییە لەم دۆخەدا نەخۆشخانەكەمان چۆڵ بكەین.
سەبارەت بە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ناو پزیشك و كارمەندانی نەخۆشخانەكە، دۆستی نەجات، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئاشكرایكرد، تائێستا شەش كارمەند و سێ پزیشكیان هەڵگری كۆرۆنان و كەرەنتینە كراون، هەفتانەش بۆ هەموو ستافەكان پشكنین ئەنجام دەدەن و ئەوەشی گومانی لێبكەن كەرەنتینەی دەكەن.