ئەنجومەنی وەزیران: هەفتەی داهاتوو شاندێكی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات

17/06/2020

نەوا
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە بەردەوامبوونی كەمكردنەوەی موچەی پلە تایبەتەكان و ئەوانەشی بەو پلانە خانەنشین بوون، هەروەك راشیگەیاند، هەفتەی داهاتوو شاندێكی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات بۆ درێژەدان بە گفتوگۆكانی نێوانیان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/6/17 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بەشداری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ دەربارەی رێكخستنەوەی خەرجییەكان و خۆگونجاندن لەگەڵ  ئەو توانا و بودجەیە كرا كە ئێستا لە بەردەستی وەزارەتی دارایی وئابووریدایە، بە مەرجی پاراستنی مافی مووچەخۆرانی ئاسایی شایستە. ئەنجوومەنی وەزیران جەختی كردەوە لە بەردەوامبوونی كەمكردنەوەی مووچەی خاوەن پلە تایبەتەكان و ئەوانەشی بەو پلانە خانەنشین بوون كە لە كۆبوونەوەكانی پێشوو بڕیاریان لەسەردرا. لەمبارەیەوە كۆبوونەوەكانیش تا رۆژی یەكشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبن.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا، ماوەی گەڕاندنەوەی قەرزی كارەبا و ئاو بە لێخۆشبوونی 15% درێژ بكرێتەوە تاوەكو 2020/9/1.
لە  بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا دانوستانەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی  تاوتوێ كرا و بڕیاردرا، هەفتەی داهاتوو شاندی حكومەت بۆ درێژەدان بە گفتوگۆكان سەردانی بەغدا بكات بە ئاراستەی برەودان بەو لێكتێگەیشتنە هاوبەشانەی پێشتر هەردوولا پێی گەیشتبوون بۆ دابینكردنی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم لەبەرامبەر پابەندییەكانی هەرێم لە چوارچێوەی دەستووری عێراق.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group