وەزارەتی شارەوانی وەڵامی لێدوانی پەرلەمانتارێكی كوردستان دەداتەوە

17/06/2020

نەوا
وەزارەتی شارەوانی گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا وەڵامی ئەبوبەكر هەڵەدنی پەرلەمانی كوردستان دەداتەوەو كە وتبووی "فەرمانبەرێك لەكاتی دەوامی فەرمی توشی روداوی هاتوچۆ بووەو لەلایەن حكومەتەوە هیچ هاوكارییەك نەكراوە"وەزارەتی شارەوانی دەڵێت: "بەهۆی كەرەنتینەوە ئەو پرسە دواكەوتوەو بە هەموو شێوەیەك بەرگری لە مافی فەرمانبەران دەكەین".
وەزارەتی شارەوانی گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا سەبارەت بە لێدوانێكی ئەبوبەكر هەڵەدنی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: "لەمیانی چاوپێكەوتنێكی تەلەڤیزیۆنیدا ئەبوبەكر هەڵەدنی لەسەر كەیسی فەرمانبەرێكی وەزارەتی شارەوانی كە لەكاتی كاركردنیدا دووچاری رووداوێكی نەخوازراو ببوو، ناوی دوو لە وەزیرەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەبات و بە جۆرێكی زۆر ناڕەوا وەسفیان دەكات كە پێمان وایە دوورن لە راستییەوە.
ئەوەش راگەیەندراوە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە نوسراوی ژمارە (1458 لە 14ی شوباتی 2019) بە پشتبەستن لەسەر نووسراوی ژمارە (481/800 لە 3ی شوباتی 2019)ی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، ئەویش پاڵپشت بە نوسراوی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی ژمارە (9 لە 2ی كانونی دوەمی 2019) كەیسی ئەو فەرمانبەرەی بەرزكردۆتەوە بۆ دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و وێنەشی داوە بە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەو لەمیانی سەردانێكی پەرلەمانتاری بەڕێز لە رۆژی 4ی ئاداری 2020 بۆ لای وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، باسی لە كەیسی ئەم فەرمانبەرە بەڕێزە كردو داوای كرد كە جارێكی تر نوسراوی بۆ بكرێتەوە، وەزیری شارەوانیش زۆر خەمخۆرانە (نەوەك وەك ئەوەی كاك ئەبوبەكر دەیڵێت بە پێكەنینەوە، كە بە داخەوەین بۆ ئەم دەربڕینەی) هەر هەمان رۆژ داوای بەراییەكانی كرد و جارێكی تر پەراوێزی لە سەر نوسی كە دوبارە نوسراو بۆ سەرۆكایەتیی دیوان بكرێتەوە. بەڵام بە داخەوە لەبەر ئەوەی ڕۆژی 5ی ئایار كە رۆژی پێنجشەممە بوو، پشووی فەرمیی بوو، دواتریش رۆژانی هەینی و شەممە رۆژی 6 و 7ی ئادار پشوو بوو راستەوخۆش لەدوای ئەو رێككەوتەوە راگرتنی دەوام لە فەرمانگەكان راگەیەنرا بە هۆی كەرەنتینەوە، بۆیە كاركردن لەسەر ئەو بابەتە دواكەوت، نەوەك وەك ئەوەی كاك ئەبوبەكر بە هەڵچوونەوە باسی دەكات.
وەزارەتی شارەوانی حكومەتی هەرێم لە رونكردنەوەكەدا لەبەرانبەر قسەكانی ئەبوبەكر هەڵەدنی پەرلەمانتاری كوردستان دەڵێت: "كۆمەڵێك وەسف و وشەی تری نەشیاو باس دەكات كە دورن لە ئاكارو رەوشتی وەزیرە بەڕێزەكان و بۆ ئەم بابەتە گلەییمان هەیە لە شێوازی دەربڕینەكانی ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزە، بە دەرفەتێكی لەباریشی دەزانین كە سوربوونی خۆمان دوپات بكەینەوە لە خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە هەموو شێوەیەك بەرگری لە مافەكانیان دەكەین، دوور لە هەموو موزایەدەیەك".


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group