وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد

17/06/2020

نەوا
لە فەرمانێكی وەزاریدا كە واژۆی ئاڵان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی لەسەرە، وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك بڕیاری نوێی لە بارەی كرێی خوێندن لە قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومیەكان دەركرد.
لە فەرمانە وەزارییەكەدا هاتووە، دوای فەرمانی ژمارە (61) لە رێكەوتی 11/5/2010 و لەبەر بەرژەوەندی گشتی و رەچاوكردنی دۆخی هاووڵاتیان بڕیاریانداوە  داشكاندنی رێژەی 10%ی كرێی خوێندن لە قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومییەكان ماوەكەی درێژبكرێتەوە لە 28/5/2020 بۆ 30/7/2020.
هەر بەپێی بڕیارەكە، ئەو داشكاندنەی لە فەرمانی وەزاری ژمارە 61 ئاماژەی پێدراوە لە هەندێك قوتابخانە و پەیمانگە وەك خۆی جێبەجێ نەكراوە و سكاڵای هاووڵاتیان لە وەزارەت و داواكاری گشتی تۆماركراون، دوای بەدواداچوون چەندین سەرپێچی لەو بوارە دەستنیشان كراون، وەزارەت چەندین رێكار دەگرێتەبەر وەك سزادانی ماددی ئەو قوتابخانە و پەیمانگەیانە، نوێ نەكردنەوەی مۆڵەتەكانیان، لێ سەندنەوەی مافی وەرگرتنی قوتابیان بۆ ساڵی ئایندە.
جەختیشیكردۆتەوە، كە  پێویستە لەسەر هەموو قوتابخانە و پەیمانگەیەكی ناحكومی ناوەڕۆكی ئەم فەرمانە جێبەجێ بكات، چ لە داشكاندنی نرخی كرێی خوێندن یان لە پێدانی شایستە داراییەكانی مامۆستایان وەك لە گرێبەستەكانیاندا هاتووە. 
هەر لە بڕیارەكەی وەزارەتی پەروەردەدا هاتووە،  داشكاندنی 10% لە سەر كۆی گشتیی كرێی خوێندنە نەك خوێندنی وەرزی دووەم، هەروەها كرێی خواردن و گواستنەوەی بۆ مانگی (3،4،5) نابێت وەربگیرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group