په‌رله‌مانتارێك: ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران چوار مه‌رجى بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت هه‌یه‌

29/06/2020 عێراق

نه‌وا
لیژنەی هەرێم و پارێزگا رێكنەخراوەكان لە هەرێمێكدا لە پەرلەمانی عیراق چوار مەرجی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دیاری كرد و هیواخوازیشە بە زووترین كات پرۆسەكە بەڕێوەبچێت.
لەوبارەیەوە ئەحمەد حەیدەر ئەندامی لیژنەكە رایگەیاندوە، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، كە فراكسیۆنە سیاسییەكان داوایانكردوە پێویستی بە ئامادەكردنی كەشێكی گونجاوە، ئەوەش پێویستی بە تەواوكردنی یاسای هەڵبژاردن، یەكلاكردنەوەی بازنەكانی هەڵبژاردن و پەلەكردن لە رێككەوتن لەسەری لە پارێزگاكان و چۆنیش دیاری دەكرێت، هەروەها بارودۆخی تەندروستی لە عیراق و توانای كۆتاییهێنان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.
باسی لەوەشكرد، دوای تەواوكردنی ئەو رێوشوێنانە تۆپەكە لە مەیدانی حكومەتدا دەبێت بۆئەوەی پارەی بۆ دابین بكات لەكاتێكدا ئێستا رەوشی ئابوریی وڵات بە قۆناغێكی سەختدا تێپەڕدەبێت، هەروەها دواتریش دیاریكردنی كاتی هەڵبژاردنە لەرێگەی گفتوگۆكردن لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و پەرلەمان.
ئەو پەرلەمانتارە هیواشی وایە، بە زوترین كات هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجامبدرێت، چونكە یەكێكە لەو بەڵێنانەی سەرۆكی حكومەت سوربو لەسەری و بەهۆی ئەوەشەوە پەرلەمان دەنگی بە كابینەكەی دا، هەڵبژاردنی پێشوەختیش لە بەرژەوەندیی عیراق و گەل دەبێت.




شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group