بەڕێوەبەری تەندروستی دهۆك: تائێستا دۆخی تەندروستی پارێزگاكە لەژێر كۆنتڕۆڵدایە

03/07/2020

نەوا
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆك رایدەگەیەنێـت، تائێستا دۆخی تەندروستی شاری دهۆك بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەژێر كۆنتڕۆڵدایە، بەڵام ئەگەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بەو شێوە خێرایەی كە ئێستا هەیە لە هەرێمی كوردستاندا بەردەوام بێت بەدڵنیاییەوە بارودۆخی دهۆكیش خراپ دەبێت.
نزار عیسمەت بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای دهۆك بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە، بێگومان دۆخی تەندروستی لەسەرانسەری كوردستان و عێراق خراپە، رۆژ بەرۆژ حاڵەتی كۆرۆنا لە زیادبووندایە، زۆر زۆر تەشەنە دەكات لەبەرئەوە مەترسیەكە یەكجار زیاتر بووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، ئەگەر لە پارێزگای دهۆك دۆخی تەندروستی بەراورد بكەن بە پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان و عێراق، دۆخی تەندروستی باشترە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە مەترسی نییە لەپارێزگای دهۆك ، نەخێر مەترسیش لە پارێزگای دهۆك یەكجار زیاتر بووە.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆك جەختیشی كردەوە، تائێستا دۆخی تەندروستی شاری دهۆك لەژێر كۆنتڕۆڵدایە، ڕۆژانە پشكنینەكان ئەنجام دەدەن بۆ خەڵكی دهۆك ئەگەر لەشوێنێك پشكنینێك پۆزەتیف دەرچوو ئەوا ئەو خەڵكە كەرەنتین دەكەین بۆ ئەوەی نەهێڵن زیاتر تەشەنە بكات، بەڵام ئەگەر بڵاوبوونەوەی ڤایڕەسی كۆرۆنا بەو شێوە خێرایەی كە ئێستا هەیە لە هەرێمی كوردستاندا بەردەوام بێت بەدڵنیاییەوە بارودۆخی دهۆكیش خراپ دەبێت و ئەوكاتە پێویستیان بە پشتیوانی زیاتر دەبێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخی تەندروستی دهۆك.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group