چارەنوسی رێککەوتنی وه‌زاره‌تی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئاشکرا دەكرێت

10/09/2020

نه‌وا
ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری ھەرێمی کوردستان و بەغدا لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، دانوستانەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق بە ئامادەبوونی ھاوپەیمانان بەڕێوەدەچن و بەردەوام ھانی ھەردوولا دەدەن، کە بگەنە رێککەوتن، داواشیان کردووە بە زوویی رێککەوتن بکەن.

 لیوا قارەمان کەمال، ئەندامی شاندی دانوستانکاری ھەرێمی کوردستان و بەغدا لە وەزارەتی پێشمەرگە له‌ لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی رایگه‌یاندوه‌، بڕیارە جارێکی دیکە شاندی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی دروستکردنی ھەماھەنگی و دانانی بنکەی ھاوبەش لە ناوچە کوردستانییەکان سەردانی بەغدا بکاتەوە، بەڵام ھێشتا رۆژەکە دیاری نەکراوە.
ناوبراو وتیشی، تاوەکو ھەماھەنگی لە نێوان ھەرێم و بەغدا دروست نەکرێت و بۆشایی ئەمنی پڕ نەکرێتەوە، ئەو کردەوە تیرۆرستیانە بەو شێوەیە لەلایەن داعشەوە بەرەوام دەبن.
لیوا قارەمان کەمال ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، ھێزی عێراقی وەکو پێویست لە ناوچە کوردستانییەکان نییە و بە ئۆپەراسیۆنیش کۆتایی بە داعش نایەت، چونکە کاتێک داعش دەزانێت ئۆپەراسیۆن ھەیە، پێش دوو رۆژ ناوچەکە چۆڵ دەکات تا ئۆپەراسیۆن تەواو دەبێت.
ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، ھاوپەیمانان ھەوڵ دەدەن ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق لێک نزیک بکەونەوە و خۆشیان لە کۆبوونەوەکان ئامادە دەبن، هەروەها ھانی ھەردوولا دەدەن پەلە بکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، چونکە بەردەوام ھاندەر و فاکتەرن بۆ ئەوەی ھەرێم و بەغدا لە بواری سەربازیدا لە یەک نزیک ببنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group