مەزڵوم كۆبانی: هێشتا سەرجەم تاوانەكانی گروپەكانی سەر بە توركیا لە رۆژئاوا ئاشكرا نەكراون

18/09/2020

نەوا 
فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایگەیاند، هێشتا تەواوی تاوانەكانی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا لە جەنگی دژ بە رۆژئاوا ئاشكرانەبوە.
مەزڵوم كۆبانی فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، راپۆرتی لیژنەی سەربەخۆی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوەیەكگرتوەكان، بەشێكی كەمی لە تاوانەكانی گروپە چەكدارەكان لە جەنگی دژ بە گەلەكەمان لە عەفرین و سەرێ كانی و گرێ سپی ئاشكراكردوە، ئەوەش بەرگێكی سیاسی لە توركیاوە هەیە.
ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لێپرسینەوە لە لایەنەكانی تاوانباری جەنگەكە بكات و كاری جددی بكات بۆ بەسزادان و دادگایی كردنی ئەنجامدەرانە ئەو تاوانانە.
ئەمەش دوای ئەوە هات كە لیژنەی لێكۆڵینەوەی سەر بە ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی نەتەوەیەكگرتوەكان لە راپۆرتێكدا باسی لە پێشێلكاریەكانی توركیا و گروپە چەكدارەكانی سەر بەو ولاتە كردبوو لە رۆژئاوای كوردستان.
هەر لە بارەی ئەو راپۆرتەوە، برێت مەكگۆرك نێردەی پێشووی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە توویتێكدا نووسیویەتی: ترامپ دەڵێت، هیچ شتێك رووینەداوە دوای ئەوەی باكووری رۆژهەڵاتی سووریای بۆ پۆتن و ئەردۆغان جێهێشت، بەڵام نوێترین راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەریدەخات كە تاوانی جەنگ، لەوانەش دەستدرێژیی سێكسی، كوشتن، رفاندن، تاڵانكردن لەو ناوچانە روویانداوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group