ئەحمەد حاجی رەشید: تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجەی 2020 پێویستی بە سێ‌ هەفتەیە

22/09/2020 عێراق

نەوا
ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2020 پێویستی بە سێ‌ هەفتەیە هەیە بۆ دەنگدان لەسەری.
ئەحمەد حاجی رەشید لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەكردوە، پرۆژەیاسای بودجە پێویستی بە چەند رۆژێك هەیە بۆئەوەی ئاراستەی لیژنەی دارایی بكرێت، دواتر خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت، هەروەها پێویستی بە سێ‌ هەفتە هەیە بۆئەوەی تێپەڕێنرێت.
هێمای بۆ ئەوەشكردوە: تائێستا لایەنە تایبەتمەندەكانی پەرلەمان تەماشای ژمارەكانی ناو پرۆژەیاساكەیان نەكردوە.
نزیكەی 10 مانگی ساڵی 2020 تێپەڕیوە و تائێستا پرۆژەیاسای ئەمساڵ تێنەپەڕێندراوە، ئەوەش بەهۆی خۆپیشاندانەكان و دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتی پێشو و دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی نوێ و كێشە ئابورییەكانەوە رویداوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group