توركیا فەرمانی گرتنی بۆ دەیان بەرپرس و چالاكوانی كورد دەركرد

25/09/2020

نەوا
داواكاری گشتی توركیا لە درێژەی لێكۆڵینەوەكانی لە چالاكیەكانی پشتیوانی لە كۆبانێ لە ساڵی 2014دا فەرمانی دەسگیركردنی بۆ 82 كەس دەركرد، كە ژمارەیەكیان بەرپرسی باڵای پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)ن.
بەپێی هەواڵی میدیاكانی باكوری كوردستان داواكاری گشتی ئەنقەرە، لە درێژەی لێكۆڵینەوەكانی لە روداوەكانی ساڵی 2014 كە تیایدا لە نێوان 6 بۆ 8ی تشرینی یەكەم، چەند چالاكییەك بۆ پشتیوانی لە كۆبانێ ئەنجامدرا، بڕیاریدا بە دەستگیركردنی 82 داواكراو لە 7 پارێزگای توركیا كە پێنج لەوانە بەرپرسی باڵای كوردن لە باكوری كوردستان.
بەپێی زانیارییەكان، تاكو ئێستا هەریەك لە سری سورەیا ئۆندەر، ئامینە ئاینا، ئاڵتان تان، ئایلا ئاكات و ئایهان بیلگەن لەو بەرپرسە باڵایانەی كوردن كە لەلایەن پۆلیسی توركیاوە دەستبەسەركراون.
لە ساڵی 2016ەوە توركیا هەڵمەتی گرتن و زیندانی كردنی چالاكوانانی كوردی چڕ كردۆتەوە و لەو چوارچێوەدا دەیان سەرۆكی شارەوانی لەسەر كارلابراون و هاوسەرۆكانی پێشووی هەدەپە و ژمارەیەك لەپەرلەمانتاران و بەرپرسان و هەزاران ئەندامی ئەو حزبە دەستگیر و راپێچی زیندان كراون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group