ئه‌مریكا توندترین هۆشداری داوه‌ته‌ به‌رپرسانی عیراق

پێش 4 هەفتە جیهان

نه‌وا
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك باس له‌وه‌ده‌كه‌ن واشنتۆن زۆر نیگه‌رانه‌ له‌ بێ توانایی حكومه‌تی عیراق له‌ راگرتنی هێرشی سه‌ر نێرده‌ دیپلۆماسیه‌كان و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ توندترین هۆشداری داوه‌ته‌ كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا.
به‌پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی فرانس پرێس چه‌ند به‌رپرسێكی باڵای بیانی و ژماره‌یه‌ك كاربه‌ده‌ستی عیراقی رایانگه‌یاندووه‌، مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فونیدا له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق هۆشداریه‌كی توندی واشنتۆنی پێگه‌یاندوه‌.
رونیشیان كردۆته‌وه‌، له‌ په‌یماكه‌ی ئه‌مریكادا هاتووه‌، كه‌ له‌ ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامی هێرشه‌كانی سه‌ر باڵیۆزخانه‌ و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان، نه‌ك هه‌ر هێزه‌كانیان ده‌كشێننه‌وه‌، به‌ڵكوو باڵیۆزخانه‌كه‌شیان له‌ به‌غدا داده‌خه‌ن.
چه‌ند به‌رپرسێكی ئه‌مریكی ناوه‌رۆكی په‌یامه‌ی پۆمپیۆیان به‌ زۆر توند و پڕ له‌ توڕه‌یی ناوبردووه‌ و رایانگه‌یاندووه‌، "مانگی هه‌نگوینی له‌ نێوان واشنتۆن و به‌غدا ته‌واو بوو".
له‌ماوه‌ی رابردوودا هێرشه‌كانی سه‌ر باڵیۆزخانه‌ و بنكه‌ و كاروانی سه‌ربازی هاوپه‌یمانان له‌ عیراق زیادی كردووه‌.
به‌پێی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی عیراق و سه‌رۆكی كوتله‌ سیاسیه‌كان به‌رهه‌م ساڵح ئه‌و په‌یامه‌ تونده‌ی ئه‌مریكای به‌ به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ راگه‌یاندووه‌.
له‌رۆژانی رابردوودا سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق و ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ و كه‌سایه‌تی عیراقی و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم نیگه‌رانی خۆیان له‌و هێرشانه‌ ده‌ربڕی كه‌ ده‌كرێنه‌ سه‌ر نێرده‌ دیپلۆماسیه‌كان و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان.
ئه‌مریكا گروپه‌كانی نزیك له‌ ئێران به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشانه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات و باس له‌وه‌شده‌كرێت، فوئاد حسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ تاران ئه‌و په‌یامه‌ی ئه‌مریكای پێگه‌یاندوون.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group