ئامەد.. دۆزینەوەی سیستمێكی دابەشكردنی گەرمی كە تەمەنی 18 سەدەیە

11/10/2020 هەمەڕەنگ

نەوا
لە شوێنەواری مێژوویی "ئامیدا هۆیوك" چەند هێڵێكی گواستنەوەی ئاو و سیستمێكی دابەشكردنی گەرمی دۆزرایەوە، كە مێژووەكەی بۆ هەزار و 800 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
شوێنەواری "ئامیدا هۆیوك" دەكەوێتە شاری سور سەربە پارێزگای ئامەد و بوەتە خانەخوێی چەندین شارستانییەتی دێرینی وەك خوری- میتانییەكان، ئورارتوەكان، فارس، رۆم، ئەمەوی، عەباسی، مەروانییەكان، سەلجوقییەكان و ئارتوكڵووەكان، هەروەها زانای بەناوبانگی موسڵمان و داهێنەری رۆبۆت، بەدیعوزەمان ئەبولعیز ئیسماعیل بن رەزاز جزری لەوێ لێكۆڵینەوەكانی ئەنجامداوە.
لەئێستاشدا كاری كنە و پشكنین لەو شوێنەوارە مێژووییەدا، بە سەرۆكایەتی پ.د. عیرفان یڵدز بەڕێوەدەچێت و لەو میانەیەشدا، چەند جۆگەیەكی ئاو و سیستمێكی گواستنەوەی گەرمی دۆزراوەتەوە، كە مێژووەكەی بۆ نزیكەی هەزار و 800 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
پ.د. عیرفان یڵدز لەلێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ وتویەتی "ئامیدا هۆیوك هەم دڵی ئامەد و هەم دڵی مێزۆپۆتامیا-یە".
پرۆفیسۆرەكە ئەوەشی ئاشكراكردوە، لە ساڵی 2018دا بە بڕیاری وەزارەتی كولتوور و گەشتوگوزاری توركیا دەستیان بە كاری كنە و پشكنین كردوە و دەڵێت "سەرەتا لە ساڵی 2018دا، ئەو تونێل و راڕەوانەمان دۆزییەوە، كە لە چیرۆك و ئەفسانەكاندا باس كراون. لە ساڵی 2019دا، ئەو دیوانخانەیەمان دۆزییەوە، كە ئەولیا چەلەبی لە گەشتنامەكەیدا بە دورودرێژی باسی كردوە و لە كۆتاییدا هۆڵی پێشوازییەكەمان دۆزییەوە".
پ.د. عیرفان یڵدز لە بارەی تونێلەكانیشەوە وتویەتی "تونێلەكانی 'ئامیدا هۆیوك' هەم رێگای راكردن بون و هەم رێگای گواستنەوەی ئاوبون. لە سەردەمی رۆمانییەكاندا لە خشتی سورەوكراو بۆری ئاو لە تونێلەكاندا دروستكراون دواتریش لە رێگەی سیستمێكەوە، كە بەدیعوزەمان ئەبولعیز ئیسماعیل بن رەزاز جزری دروستی كردوە، ئاوەكە سەرخراوە".
باسی لە سیستمێكی گواستنەوەی گەرمییش كرد، كە ئاوی گەرمی گواستوەتەوە بۆ گەرماوی ناو قەڵاكە و بەشێوەیەكی تایبەتیش گەرمییەكە دابەشكراوە، ئەوەش كۆنترین سیستمی گواستنەوەی گەرمییە، لە ناوچەكەدا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group