هۆشیار زێباری لە قسەكانی لەسەر حەشدی شەعبی پەشیمان دەبێتەوە

17/10/2020 عێراق

نەوا
ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، حەشدی شەعبی هێزێكی جیهادییە و ناتوانرێت سوكایەتی پێبكرێت و من هێرشم نەكردوەتە سەریان و دەربڕینەكەم خیانەتی لێكردم.
لەماوەی رابردودا هۆشیار زێباری هێرشی كردە سەر حەشدی شەعبی و بە ئەنجامدەری هێرشە موشەكیەكەی هەولێر تۆمەتباری كردن و بە رێكخراوی داعش بەراوردی كردن، داواشی لە حكومەت كردبوو رێوشوێن دژیان بگرێتە بەر، بەهۆی ئەوەشەوە رۆژی شەممە لایەنگرانی حەشد لەبەردەم بارەگای حزبەكەی لە بەغدا خۆپیشاندانیان رێكخستن و ئاگریان بەردایە بارەگاكە.
دوا بەدوای ئەوە زێباری لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا وتی، هێرشم نەكردوەتە سەر حەشدی شەعبی و هەندێك ئەوەیان بڵاوكردوەتەوە كە من نەموتوە، لەكاتی گفتوگۆكەم لەگەڵ كەناڵی "الحرە" دەربڕینەكەم خیانەتی لێكردم.
زێباری ئەوەشی رونكردوەتەوە، حەشدی شەعبی هێزێكی جیهادییە و ناتوانرێت سوكایەتی پێبكرێت یاخود هێرش بكرێتە سەر قوربانیەكانی، پەیوەندییەكی مێژویی بە حەشد و خەباتگێڕەكانیانەوە دەمانبەستێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group