15 كەس لەسەر سوتاندنی بارەگاكەی پارتی لە بەغدا دەستگیركران

18/10/2020 عێراق

نەوا
لەسەر سوتاندنی بارەگاكەی پارتی لە بەغدا، 15 كەس دەستگیركراون، ئەنجومەنی وزاریی ئاسایشی نیشتمانی لە رووداوەكە و رۆڵی هێزە ئەمنییەكانی بەرپرس لە پاراستنی بارەگاكە دەكۆڵێتەوە.
ئەنجومەنی وزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عیراق بە سەرۆكایەتیی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆبونەوەیەكی بەپەلەی ئەنجامداوە، پرسە ئەمنییەكانی تاوتوێكردووە، لەنێویاندا هێرشكردنەسەر و سوتاندنی بارەگای لقی 5ی پارتی لە بەغدا، ئەنجومەنەكە ئەو كارەی ئیدانە كرد و بڕیاریدا لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە و لێكەوتەكانی و رۆڵی هێزە ئەمنییەكانی بەرپرس لە پاراستنی بارەگاكە و دەوروبەری بكات، هەروەها دەستگیركردنی ئەو كەسانەی تێوەگلاون.
ئەنجومەنی وزاریی ئاسایشی نیشتمانی ئاشكراشیكردووە، 15 كەسی لەیاسادەرچوو لەسەر رووداوەكە دەستگیركراون، دوپاتیكردووەتەوە حكومەت رێكاری توند بەرانبەر هەموو ئەو كەسانە دەگرێتە بەر، كە هەوڵ دەدەن هەیبەتی دەوڵەت و دەسەڵاتی یاسا بشكێنن.
ئەنجومەنەكە داواشی لە هێزە سیاسییەكان كرد بە هۆشیارییەوە مامەڵە بكەن و دووربكەونەوە لە لێدوانگەلێك، كە ببێتە هۆی تێكدانی ئاشتیی كۆمەڵایەتی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group