پەرلەمانی عیراق رێگە دەدات حكومەت تەنها 20 ترلیۆن دینار قەرز بكات

پێش 4 هەفتە عێراق

نەوا
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق بەنیازە لەیاسای قەرزدا تەنها بە قەرزكردنی 20 ترلیۆن دینار لەلایەن حكومەتی عیراقەوە رازی بێت، بەڵام یاساكە هەر تێدەپەڕێنرێت.
پەرلەمانی عیراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پرۆژەیاسای تایبەت بە قەرز كردوە، كە لەلایەن حكومەتەكەی كازمییەوە نێردراوە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان، جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لەمیانی بەشداریكردنی لە گفتوگۆی "نیو كاژێر"ی رادیۆ نەوا رایگەیاند، لیژنەكە بەنیازە بڕی پارەی داواكراو بۆ قەرزكردن كەمبكاتەوە و بیكات بە 20 ترلیۆن دینار، لەكاتێكدا حكومەتی عیراق داوای قەرزكردنی 41 ترلیۆن دیناری كردووە.
جەمال كۆچەر ئاشكرایكرد، حكومەت تا كۆتای ئەمساڵ بۆ موچە و پڕكردنەوەی خەرجییەكانی پێویستی بە 36 ترلیۆن دینارە، 16 ترلیۆن داهاتی دەبێت، بۆیە پەرلەمان بە قەرزكردنی 20 ترلیۆن دینار رازیدەبێت، بەڵام یاساكە هەر تێدەپەڕێنرێت، چونكە دەزانن حكومەت پێویستی بە یاساكە هەیە و هەر بە قەرز دەتوانرێت كورتهێنان پڕبكرێتەوە.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق وتیشی، قەرزەكە لە بانكی ناوەندی و بانكەكانی دیكەی وەك رافیدەین و رەشید دەكرێت، چونكە ناتوانن لە 10 ترلیۆن دینار زیاتر لە بانكی ناوەندی قەرز بكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group