نەتەوەیەکگرتوەکان بڕیارەنامەیەکی لە دژی ئێران پەسەند کرد

19/11/2020 جیهان

نه‌وا
بڕیارنامەی سەرکۆنەکردنی ئێران بە هۆی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە لیژنەی سێهەمی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان پەسەند کرا.

 لە بڕیارنامەکەدا باس لەوە کراوە، کە ژمارەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بە تایبەتی جێبەجێکردنی ئەو سزایە بەسەر بەندکراوانی سیاسی لە ئێران رووی لە هەڵکشانکردووە.
هاوکات رەخنەش لە پێشێلکاری مافی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان لە ئێران گیراوە و ئەوەشخراوەتەڕوو، کە بە بەردەوامی مافی زیندانیانی سیاسی پێشێل دەکرێت و حاڵەتەکانی دانپێدانانی زۆرەملێ رووی لە بەرزبوونەوە کردووە.
نەتەوەیەکگرتوەکان داوای کردوە ئێران کۆتایی بە جیاکاریی و سەرکوتی بەرهەڵستکاران بهێنێت و سەرجەم ئەو کەسانە ئازاد بکات، کە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە دەستگیرکراون.
بڕیانامەکە بە 79 دەنگ بەرامبەر بە 32 دەنگی دژ پەسەند کرا و 64 ئەندامی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکانیش بەشدارییان لە دەنگدانەکەدا نەکرد، کەنەدا بڕیارنامەکەی ئامادەکردبوو، هەر یەک لە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا پشتیوانیان لێکردبوو.
وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا دوای پەسەند کردنی بڕیارنامەکە رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و هاوکاری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەن تا ئێران ناچار کۆتایی بە پێشێلکاریەکان بهێنێت و رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group