په‌رله‌مانتارێك: تەنها رەبولعالەمین و بەرپرسانی هەرێم دەزانن موچەی موچەخۆران چی لێدێت

21/11/2020

نه‌وا
ئه‌ندامێكی  لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق رایدەگەیەنێت، ئەگەر ئەمجارە هەرێمی كوردستان پابەند نەبێت بەو مەرجانەی لە یاسای قەرزدا بۆی دیاریكراوە، پێناچێت بەغدا هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێم بنێرێت و دەڵێت" تەنها رەبولعالەمین و بەرپرسانی هەرێم دەزانن، ڕێكدەكەون یان نا".
جەمال كۆچەر، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە، گەر هەرێم پابەند نەبێت بەو مەرجانەی لە یاسای قەرزدا بۆی دانراوە، ئەركی نوێنەرانی كورد لە بەغدا قورس دەبێت، لەوانەیە سیناریۆی تێپەڕاندنی یاسای قەرز بێ خواستی كورد، لە بودجەی 2021 یشدا دووبارە ببێتەوە.
بەشێك لە پەرلەمانتارانی سەر بە لایەنە عێراقیەكان، لە ڕێگەی كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە، هێرش دەكەنە سەر هەرێمی كوردستان و بە پابەند نەبوون بەرامبەر بە ڕێككەوتنەكان تۆمەتباری دەكەن.
لەو بارەیەوە جەمال كۆچەر ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو پەرلەمانتارانە، بەشێكیان تێگەیشتوون لە مەسەلەی هەرێم، هەندێكی تریان مەسەلەی پابەند نەبوونی هەرێم بۆ لێدان لە مستەفا كازمی بەكار دەهێنن، بەشێكی تریشیان، بەتایبەت نوێنەرانی پارێزگاكانی خوارووی عێراق، ناوچەكانیان نەوتی تێدایە و خزمەت نەكراون، بۆیە فشاری شەقامیان لەسەرە.
كۆچەر جەختیكردەوە، هەرێمی كوردستان تائێستا پابەند نەبووە، بۆیە بۆ هەموویان قورسە بەرگری بكەن و چەكی دەستیان لاوازە، چونكە هەرێم هیچی ڕادەست نەكردووە، بۆیە هەرێم لە تاقیكردنەوەدایە، گەر پابەند بێت، ئیشیان ئاسان دەبێت، گەر پابەندیش نەبێت، قورسە بەرگری بكەن.
سەبارەت بە چارەنوسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، لە حاڵەتی ڕێكنەكەوتنی هەرێم و عێراقدا، ناوبراو وتی"تەنها رەبولعالەمین دەزانێت، دواتریش ئەوانەی هەرێم دەزانن، چونكە تەنها خۆیان دەزانن، چۆن بڕیار دەدەن"، هەروەها وتیشی "پێناچێت حكومەتی عێراق جارێكی تر پارە بۆ هەرێم بنێرێت، گەر هەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراق نەگاتە ڕێككەوتن، باوەڕ ناكەم عێراق پارە بنێرێ، پارە لەبەرامبەر چی؟".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group