هەرێمی كوردستان و نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی داعش هەماهەنگی دەكەن

23/11/2020

نەوا
هەرێمی كوردستان و رێكخراوێكی تایبەتی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی داعش، هەماهەنگی دەكەن، كار بۆ دادگاییكردنی سەرانی داعش دەكرێت.
ئەمڕۆ لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر، لیژنەی وەزاریی تایبەت بە بە جینۆسایدناساندنی تاوانەكانی داعش، یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا، هەریەك لە وەزیرانی ناوخۆ، داد، كاروباری كۆمەڵایەتی، شەهیدان و كاروباری پەرلەمان و هەروەها سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دیندار زێباری رێكخەری راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان بەشدارییان تێدا كرد.
دوای كۆبوونەوەكە دیندار زێباری رێكخەری راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ئەم كۆبونەوەیە دوای یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەی وەزاریی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی داعشە، كە لەسەر سێ تەوەر گفتوگۆی كردووە، تەوەری یەكەم هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی "یونی تات"، كە هەماهەنگی دەكات لە كۆكردنەوەی بەڵگەی پێویست بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی داعش، لەو چوارچێوەیەدا وەزیری ناوخۆ باسی هەنگاوەكانی كردووە و هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم بۆ دادگاییكردنی تاوانباران و تیرۆرستانی داعشە، بۆ ئەوەی لە داهاتوویەكی نزیكدا سەرانی داعش لە كوردستان و عیراق بە پێوەرە نێودەوڵەتییەكان دادگایی بكرێن.
تەوەری دووەم قۆناغەكانی بەئەلیكترۆنیكردنی داتا و بەڵگەكانی جینۆسایدە، بەتایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی بە پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بێت و بۆ دادگاییكردنی سەرانی داعش بەكاربێن، هەروەها هەرێمی كوردستان و عیراق خۆیان بگونجێنن لەگەڵ سێكتەرە نێودەوڵەتییەكانی بواری دادگایی و یاسایی.
رێكخەری راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان وتیشی، هەرێمی كوردستان و عیراق بە سێ یاسای نێودەوڵەتی لە دادگاییەكی نیشتمانیدا بە پێوەری نێودەوڵەتی، پرۆسەی دادگاییكردنی سەرانی داعش ئەنجام دەدەن، لەگەڵ ئەوەی عیراق ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی نییە و ڕێككەوتنی رۆما-ی واژۆنەكردووە، بەڵام بڕیاری ژمارە 2379ی ئەنجومەنی ئاسایش ئەو رێكارەی دیاری كردووە بۆ دادگاییكردنی سەرانی داعش.
لەبارەی دەستگیركراوانی داعشیش لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، دیندار زێباری ئاشكرایكرد، "ساڵانی 2016 تا 2018 زیاتر لە هەزار و 600 تاوانباری داعشمان دەستگیركردووە و دادگاییكراون، یان رادەستی حكومەتی عیراق كراونەتەوە، ئێستاش زیاتر لە 300 تیرۆرستی داعش لە بەندیخانەكانی كوردستان ماون، هەورەها تا ئێستا 6 هەزار كەس تۆماركراون، كە لەلایەن تیرۆرستانی داعش رێفیندراون و لەو ژمارەیەش زیاتر لە 3 هەزاریان رزگاركراون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group