په‌رله‌مانتارێكی كوردستان: سیاسه‌تی شكاندنی دیناری عیراقی بۆ په‌رده‌پۆشكردنی گه‌نده‌ڵییه‌

21/12/2020 عێراق

نه‌وا
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، سیاسەتی شكاندنی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی، لە بەرژەوەندیی حكوومەتی عێراقە و بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو گەندەڵی و دزییانەیە، كە چەندین ساڵە دەسەڵاتدارانی عێراقی تەنھا بۆ بەرژەوەندیی كەسیی خۆیان كردوویانە، ده‌شڵێت، بۆ باسکردنی لێکەوتە ئابوورییەکانی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار لیژنەكه‌یان سبەی سێشەممە کۆدەبێتەوە.
ئەرشەد لۆلانی ئەندامی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ڕی باسنیوز ڕایگەیاندوه‌، "سیاسەتی شكاندنی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی لە بەرژەوەندیی حكوومەتی عێراقە و بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو گەندەڵی و دزییانەیە كە چەندین ساڵە دەسەڵاتدارانی عێراقی تەنھا بۆ بەرژەوەندیی كەسیی خۆیان كردوویانە و ئێستا بووەتە ھۆی خاڵیبوونی بانكی ناوەندیی عێراق".
ناوبراو وتیشی: "دابەزاندنی بەهای دراو بۆ عێراق وەكوو حكوومەت باشە، بەڵام هاووڵاتی زیانمەند دەبێت، چونکە خەرجییەكانی عێراق بە دینارە، فرۆشتنی نەوتی بە دۆلارە كە شادەماری سەرەكیی داھاتی عێراقە، بەڵام كاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر بازار، لەبەر ئەوەی عێراق دەوڵەتێكی بەرھەمھێن نییە كە بتوانێت پێداویستییەكان بۆ ھاوولاتییان دابین بكات و زۆربەی ھەرە زۆری لە دەرەوە بۆ ناوەوەی عێراق هاوردە دەکرێت، ئەمەش دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی نرخی شتومەکی بازاڕ و هاووڵاتی باجی ئەو سیاسەتە دەدات".
به‌ وته‌ی ئەرشەد لۆلانی، "ئەم سیاسەتە ئابوورییە بۆ وڵاتێك دەشێت، كە رێژەی ھەناردەی زۆر بێت، نەك 80%ی پێداویستییەكانی رۆژانە لە وڵاتانی دەرەوە بۆ ناوەوەی عێراق هاوردە بکرێت، بۆیە خۆی ئەوەی ڕوو دەدات، دەرەنجامی بێ دەسەڵاتیی حكوومەتی عێراقە بەرامبەر ئەو گرووپانەی كە بەشێكی زۆری داھاتی عێراقیان بردووە".
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، "بۆ باسکردنی لێکەوتە ئابوورییەکانی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار و ڕێگەچارەی نرخی شتومەک و کاڵا،  لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان سبەی سێشەممە کۆدەبێتەوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group