یاسای خانەنشینی كرێكاران لە كوردستان هەمواردەكرێتەوە

22/12/2020

نەوا
بەمەبەستی تەواوكردنی داڕشتنی رەشنوسی پرۆژەیاسای خانەنشینی كرێكارانی كەرتی تایبەت، رۆژی سێشەممە 22-12-2020 سێیەمین كۆنفرانس لە شاری هەولێر بەڕێوەچو.
لەوبارەیەوە د.عارف حیتۆ بەڕێوەبەری گشتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی هەرێم وتی "ئەم كۆنفرانسە سێیەمین و دوا كۆنفرانسی داڕشتنی رەشنوسی یاسای خانەنشینی كرێكارانە، پێشتر ئەو یاسایە چەند ماددەیەكی هەمواركراوەتەوە، بەڵام ئەمجارە دەمانەوێت تەواوی یاساكە هەمواربكەینەوە".
وتیشی "لەم ئامادەكارییەدا نوێنەری (پەرلەمان، حكومەت، كەرتی تایبەت، رێكخراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتیەكانی تایبەت بە كار، ئەنجومەنی دادوەری و سەندیكاكانی كرێكاران) بەشدارن و پرۆژەیاساكە ئامادە دەكەین و پاشان دەینێرین بۆ ئەنجومەنی وەزیران و فەرمانگەی كاروباری یاسایی، دواتریش بۆ ئەنجومەنی شورا و ئینجا پەرلەمان كە پەسندی كرد، ئەوا كرێكاران گەرەنتی ساڵەكانی خزمەت و كاریان بۆ دەكرێت لە كاتی خانەنشینبونیاندا".
عارف حیتۆ ئەوەشی رونكردەوە "یاساكە رێگری لە هەر پێشێلكارییەك دژی كرێكاران دەكات و هەوڵیشدەدەین بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی كرێكاران و  سودوەگرتن لە ئەزمونی وڵاتان و رێنمایی رێكخراوە جیهانییەكانی تایبەت بە كار و باشترین پرۆژەیاسا بۆ كرێكاران، ئامادەبكەین".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group