"مەسرور بارزانی داوای لە ئەمریكا كردووە هێز لەنێوان باشور و رۆژئاوای كوردستان جێگیربكەن"

23/12/2020

نەوا
مەسرور بارزانی داوای لە مایك پۆمپیۆ كردووە ئەمریكا هێز لەسەر سنورەكانی نێوان باشوور و رۆژئاوای كوردستان جێگیر بكات، جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆكی حكومەت دەڵێت، داواكارییەكە بۆ رێگرییە لە هاتوچۆی چەكدارانی پەكەكە و هەروەها قاچاخچێتی، كە ئەوەش لەخزمەتی هەرێمی كوردستان و توركیادایە.
دوای ئەوەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامدا، عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی هەرێم قسەی بۆ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمریكی كردووە، ئاشكرایكردووە، مەسرور بارزانی داوای لە مایك پۆمپیۆ كردووە، ئەمریكا هێزی سەربازی لە سنورەكانی نێوان عیراق و سوریا جێگیر بكەن و چاودێریی بكەن.
جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی مەسرور بارزانی لەبارەی هۆكاری داواكارییەكەشەوە رایگەیاندووە، جێگیركردنی ئەو هێزانە رێگری دەكات لە هاتوچۆی چەكدارانی پەكەكە لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان و بەپێچەوانەشەوە، هەروەها رێگری لە كاری قاچاخی لەسەر سنورە نایاساییەكان دەكات و ئەوەش سوودی هەیە بۆ هەرێمی كوردستان و توركیا.
پێشتریش حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەوە ئاشكرایكردبوو، مەسرور بارزانی گرنگیی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال و دەرچونی "میلیشیاكان"ی لە دەڤەرەكە دوپاتكردوەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group