یەكێتی پیاوانی كوردستان ئامارەكانی 2020ی بڵاوكردەوە

02/01/2021

نەوا
رێكخراوی یەكێتی پیاوانی كوردستان ئاماری ساڵی 2020ی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتوە، 553 سكاڵا لەلای ئەوان تۆمار كراون و لە هەمان ساڵدا 91 پیاو خۆیان كوشتوە و 8 پیاویش لەلایەن ژنانەوە كوژراون.
بورهان عەلی فەرەج سەرۆكی رێكخراوی یەكێتی پیاوانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماری ساڵی 2020ی خوێندەوە و تێیدا هاتبو: لەساڵی رابردودا 553 جۆر سكاڵا و توندوتیژی بەهەموو جۆرەكانیەوە لە رێكخراوەكەمان تۆماركراون.
باسی لەوەشكرد: خەریكە وڵات دەبێتە قەسابخانەیەك بۆ پیاوان و 8 پیاو لەلایەن ژنانەوە بەهاوكاری كەسانی تر كوژراون، هەمو رۆژێك یەك تا 4 پیاو یان دەكوژرێن یان خۆیان دەكوژن.
سەبارەت بە جۆری سكاڵا تۆماركراوەكان وتی: سكاڵاكان لەسەر دەركردنی پیاوی بەتەمەن، ناپاكی هاوسەری، توندوتیژی جەستەیی، دەستوەردان لە ژیانی هاوسەرگیری، فشاری دەرونی، فشاری سێكسی، دەستبەسەراگرتنی موچە و بێبەشكردن لە منداڵ بون.
سەرۆكی رێكخراوی یەكێتی پیاوانی كوردستان ئەوەشی ئاشكراكرد: لەساڵی رابردودا 91 حاڵەتی خۆكوشتنی پیاوان تۆمار كراون، لە هەولێر 30 حاڵەت، سلێمانی 39، دهۆك 13، كەركوك 6 و هەڵەبجە 3 حاڵەت، ئەوەش دەریدەخات لەساڵی 2012ەوە ئامارەكان رویان لە زیادبون كردوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group