لە كەركوك قەناس بەدەستێكی داعش دەستگیركرا

12/01/2021

نەوا-
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، هێزەكانی ئاژانسی هەواڵگریی سەربە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی پۆلیسی فیدرال، چەكدارێكی داعشیان لە پارێزگای كەركوك دەستگیركردووە و رونیكردەوە، ئەو چەكدارە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر بە تۆمەتی ئەندامبوون لە داعش داواكراوبوو.  وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەو دەستگیركراوە سەر بە تیرۆریستەكانی داعشە ولەبەناو كەتیبەی قەناس بەدەستدانی فیرقەی قادسییە لە كەرتی كەركوك، چەكداربووە.
ئاماژە بەوەشدراوە ئەو تیرۆریستەی داعش دوای خۆشاردنەوەی لە هێزە ئەمنییەكان لە كەمپی ئاوارەكانی لەیلانی سەربە پارێزگای كەركوك دەستگیركراوە لە لێكۆڵینەوە بەراییەكاندا، دانی بەوەداناوە كە سەربە داعشە و بەشداری لە ئەنجامدانی چەندین كردەی تیرۆریستی دژ بە هێزە ئەمنییەكان كردووە و پاشان دوای وەرگرتنی وتەكانی، رەوانەی لایەنی دادوەریی كراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group