پارتی و یه‌كێتی كۆده‌بنه‌وه‌

13/01/2021

نه‌وا
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ شاندێکی پارتی سەردانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی کرد و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتییش دەڵێت، پێنجشەممە لەگەڵ یەکێتی کۆ دەبینەوە و ئەجێندای سەرەکیی کۆبوونەوەکانیش ڕەوشی ئێستای ھەرێمی کوردستان و پرسی ھەڵبژاردن و بودجەیە.
کاکەمین نەجاڕ ئەندامی مەکتەبی سیاسی، به‌ میدیا فه‌رمی حزبه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، "سەردانەکەی ئەمڕۆی شاندی پارتی بۆ لای یەکگرتوو چەند تەوەرێکی لەخۆ گرتبوو، لەوانەش پرسی میزانییە و ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو و پەیوەندیی نێوان ئێمە و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئەجێندای کۆبوونەوەکەمان بوو، دیارە ھەموو ئەو کێشانەی ئێستا ھەن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان باس دەکەین و بۆچوونی خۆمان دەگۆڕینەوە."
باسی له‌وه‌شكردوه‌: "بەرنامەی پارتی ئەوەیە سەردانی زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان بکەین، واتە زنجیرەیەک سەردانە و بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە سەردانی برادەرانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بکەین."
لەبارەی سەردانی شاندی باڵای سیاسی بۆ بەغدا، کاکەمین نەجاڕ کە ھاوکات ئەندامی شاندی پارتییە ڕوونی کردەوە: "لە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان باسی سەردانی شاندی سیاسیی لایەنەکان دەکەین بۆ بەغدا، بەڵام تا ئێستا ھیچ وادەیەک بۆ سەردانی شاندی سیاسیی کوردستان بۆ بەغدا دیاری نەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیارە شاند بچێتە بەغدا."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group