رێبوار كەریم: هەرێم نەوت رادەست ناكات و خەڵك باجەكەی دەدات

21/01/2021

نەوا-
رێبوار كەریم مەحمود ئەندامی كوردی سەربەخۆی پەرلەمانی عیراق دەڵێت: هەرێم بە راشكاوی رایگەیاندوە كە نەوت رادەستی بەغدا ناكەن و هەوڵ دەدەن بڕوا بهێنن بە ئەندامانی عەرەبی لیژنەی دارایی بكەن.
رێبوار كەریم مەحمود لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی: دواین بەیاننامەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەڵێت نەوت رادەست ناكەین بەڵكو داهاتی نەوت دەدەین، ئەو قسەیەش لە بەغدا كەس گوێی لێناگرێت، ئێستا ژمارەیەك  لەئەندامانی عەرەبی لیژنەی داراییان بانگهێشتی هەولێر كردوە بۆ بڕواپێكردنیان.
وتیشی: ئەوەی روونە هەرێم رێگەیەكی تری هەڵبژاردوە و هیچ نادات بە بەغدا، بەراستی حكومەتی هەرێم بە رونی هەنگاوی نییە لەگەڵ بەغدا رێكبكەوێت، كاتێك دەڵێن ئێمە ئامادەین نەوت رادەست بكەین بە مەرجێك مادەكانی تایبەت بە هەرێم تێپەڕێن زۆر باش دەزانن تێناپەڕێن.
ئەوەشی خستەڕوو: ئێستا لە پەرلەمانی عیراق دوو بۆچون هەیە، یەكەمیان ئەوەیە داوای هەموو نەوتەكە دەكەن و خۆیان سەرجەم ئەركەكان دەگرنە ئەستۆ كە ئەمەیان باشە، دوەمیش داوای 250 هەزار بەرمیل دەكەن بە نرخی سۆمۆ، بۆ ئەمەش دەبێت هەرێم قەرزی بۆ بكات، چونكە نرخی نەوتەكەی كەمترە.
ئەو پەرلەمانتارە رونیشیكردوەتەوە: پێم وایە داهاتی كوردستان زۆر لەوە گەورەترە كێشەی موچەی پێ چارەسەر نەكرێت بەڵام ناشەفافیەتی زۆری تیایە، هەرێم نایەوێت مەلەفاتی نەوتی رادەستی بەغدا بكات، سەرەنجامی هەموو ئەمانەش خەڵك باجەكەی دەدات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group