فازل نەبی: هەنگاوەكانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان نییە

26/01/2021

نەوا-
بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عیراق رایگەیاند، نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لەبەغداد وئەمریكا وهەموو لایەنەكان فشاردەكەن بۆ ئەوەی بەشە بوودجەیەك لەپڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان دابنرێت و دەڵێت : رەنگە ئەمساڵیش هەرێم بێ بەش بكرێت لەبودجەی عێراق.
فازڵ نەبی، بەدەنگی ئەمریكای راگەیاندوە، تاوەكو ئێستا هەنگاوەكانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان نییە و ئەندامانی لیژنەی دارایی هەرێمیش هەوڵێكی زۆر دەدەن بۆ ئەوەی ئەو ڕێكەوتنەی كە لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغدا كراوە وەكو خۆی بمێنێتەوە ، بەڵام كارەكە ئاسان نییە و قورسە.
وتیشی، تاوەكو ئێستاش حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی بەغدا نەگەیشتونەتە هیچ ڕێكەوتنێك چونكە بەغدا دەڵێت دەبێت نەوتەكە ڕادەستی سۆمۆ بكرێت و لەڕێگەی سۆمۆوە بفرۆشرێت ، هەندێك بەرپرسی هەرێمی كوردستانیش دەڵێن نەخێر ئێمە خۆمان نەوتەكە دەفرۆشین بەڵام داهاتی ئەو 250 هەزار بەرمیلە ڕادەستی بەغداد دەكەین .
بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عیراق رونیشیكردەوە، كێشەكە پەرلەمانی عێراقە نەوەكو حكومەتی عێراق، ئێستا رەشنوسی رێكوتنەكەی هەولێر و بەغدا چۆتە پەرلەمانی عێراق ، ڕێككەوتنەكە وەكو خۆی لەحكومەت تێپەڕبووە، بەڵام كێشەكە لەپەرلەمانە و تائەم ساتە كوتلە شیعەكان بەڵێنێكیان نەداوەتە هەرێمی كوردستان بەوەی كەبتوانن شتێك بۆ هەرێمی كوردستان بكەن یان ئەو ڕێكەوتنەی كەهەیە وەكو خۆی بەڕێ بكەن.
ئاشكراشیكرد، نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لەبەغدا و ئەمەریكا و هەموو ئەولایەنانە فشاردەكەن بۆئەوەی بەهەر ڕێگەیەك بێت بەشە بوودجەیەك بۆ هەرێمی كوردستان دابنرێت، و هەرێمی كوردستان بێبەش نەكرێت لەبوودجەی عێراق .

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group