چین ڤاکسینی دژه‌ کۆرۆنا دەبەخشێتە ھەرێمی کوردستان

06/02/2021

نه‌وا
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هه‌رێم ئاشكرای ده‌كات، وڵاتی چین بڕیاریداوە پێنج ‌ھەزار ڤاکسینی دژە کۆرۆنا وەک ھاوکاری پێشکەش بە ھەرێمی کوردستان بکات و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە گواستنەوەیان دەکرێت.
د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی له‌ لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمی فەرمیی پارتی رایگه‌یاندووه‌، "وڵاتی چین بڕیاریداوە بەبێ بەرامبەر ڤاکسینی بەرھەمھێنراوی چینی ببەخشێت بە ھەرێمی کوردستان، لەو چوارچێوەیەدا بڕیارە پێنج‌ ھەزار ژەمە ڤاکسینی بەرھەمی چینی sinopharm  ڕادەستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکات."
به‌ وته‌ی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، "لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە ڕێکاری گواستنەوەی ڤاکسینە چینییەکە دەکرێت بۆ ھەرێمی کوردستان و بەشی دوو ھەزار و ٥٠٠ نەخۆش دەکات، چونکە ھەرکەسێک پێویستی بە دوو ژەمە ڤاکسین هەیە."
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، "ڤاکسینەکەی چین لەلایەن عێراقەوە پەسەند کراوە و ھەموو ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بۆ دابینکردنی ڤاکسینە تا ھاووڵاتیانی ئێمە سوودمەند بن لەو ڤاکسینانەی لە جیھاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بەرھەم ھاتوون."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group