بەدر: ئەو خزمەتەی لە هەرێمی كوردستان كراوە ئازایەتی دەسەڵاتدارانی هەرێم نییە

08/02/2021

نەوا-
عودەی شەعلان ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر پشكی فراكسیۆنی بەدر دەڵێت: پرۆژە یاسای بودجە كاتێك بە زۆرینە تێدەپەڕێنرێت كە هەرێمی كوردستان سوربێت لەسەر مەرجە نایاساییەكانی .
عودەی شەعلان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی: هەرێم بەشێكە لە گەلی عێراق و هەمان ماف و ئەركیان هەیە، ئەوەی بەهۆی حزبە فەرمانڕەواكانەوە بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمدا دێت لە زوڵم و نادادپەروەری خەمبارمان دەكات.
ئەو پەرلەمانتارە حزبە فەرمانڕەواكانی هەرێمیش بە دزینی سەروەت و سامانی هەرێم و پارێزگاكانی باشوری عێراقیش تۆمەتبار دەكات و دەڵێت: هێزە نیشتمانیەكان زۆر هەوڵیاندا دەسەڵاتدارانی هەرێم رازی بكەن بە گەڕانەوە بۆ مەنتیق و زمانی عەقڵ و دادپەروەریی لە دابەشكردنی سامانەكاندا، بەڵام بەداخێكی زۆرەوە دەیانەوێت بەشێك لە نەوتی باشوریشیان دەستكەوێت و سەروەت و سامانی هەرێمیش بۆ خۆیان بمێنێتەوە، ئەوان باش دەزانن تاكە زەرەرمەند هاووڵاتیانی هەرێمە.
عودەی شەعلان جەختلەوەشدەكاتەوە: هاووڵاتیە توڕەكانمان سەرزەنشتمان دەكەن چونكە قوربانیمان بە مافەكانیان داوە و ناوچەكانیان بێ خزمەتن، لەكاتێكدا دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان پڕوپاگەندەی ئەوە دەكەن كە خزمەتگوزاری تەواویان پێشكەشی هەرێم كردوە، بەڵام لەبیریان كردوە كە ئەوە لەسەر سەروەت و سامانی باشور كراوە و دەستكەوتی ئەوان نییە.
سەبارەت بە ئەگەری تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجەش بە زۆرینە ئەوەی ئاشكراكرد: كاتێك رودەدات كە دەسەڵاتدارانی هەرێم سوربن لەسەر مەرجە نایاسایی و نادادپەروەرانەكانیان. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group