نه‌وا
دادگایه‌ك له شاری مۆسكۆی روسیا سه‌پاندنی سزای دوو ساڵ و شه‌ش مانگ زیندانی به‌سه‌ر ئه‌لێكسی ناڤاڵنی سه‌ركرده‌ی به‌رهه‌ڵستكار و ره‌خنه‌گری ڤلادمیر پۆتن سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته پشتڕاست كرده‌وه.
ناڤاڵنی كه پێشتر به تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی سزای سێ ساڵ و نۆ مانگ زیندانی به‌شێوه‌ی هه‌ڵپه‌سێردراو به‌سه‌ردا سه‌پێنرابوو، له لایه‌ن دادگاوه تۆمه‌تبار كراوه به‌وه‌ی كه به‌رده‌وام پۆلیسی له شوێنی راگرتنی ئاگادار نه‌كردوه‌ته‌وه.
به‌م پێیه‌ش به له‌به‌رچاوگرتنی ماوه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ربوونی له ماڵه‌وه دادگا له كۆی سێ ساڵ و نۆ مانگ زیندانی، سزای دوو ساڵ و شه‌ش مانگی به‌سه‌ر ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی ئۆپۆزسیۆندا سه‌پاندووه.
ناڤاڵنی كه هاوینی رابردوو دوای ژه‌هرخواردكردنی گواسترابوه‌وه بۆ ئه‌ڵمانیا، مانگی رابردوو پاش وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری گه‌ڕابوه‌وه بۆ وڵاته‌كه‌ی، به‌ڵام ده‌ستبه‌جێ له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ركرابوو.
له‌دژی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ئه‌و سه‌ركرده به‌رهه‌ڵستكاره بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك خۆپیشاندان له روسیا به‌ڕێوه‌چوو.
ناڤاڵنی له‌به‌رده‌م دادگا جه‌ختی له‌وه‌كردوه‌ته‌وه، كه كۆی تۆمه‌ته‌كانی به تێوه‌گلان له گه‌نده‌ڵی له بنه‌ڕه‌تدا هه‌ڵبه‌سترابوون و له‌و ماوه‌یه‌شدا كه ژه‌هرخواردكرابوو، كه له ژێر چاره‌سه‌ری پزیشكیدا بووه و نه‌یتوانیوه پۆلیس له شوێنی مانه‌وه‌ی ئاگادار بكاته‌وه.