زیاتر لە 20 پرۆژەی كارەبا لەسلێمانی دەچنەوە بواری جێبەجێكردن

25/02/2021

نەوا-
ئەندازیار كاروان ئیبراهیم فەقێ بەڕێوەبەری پلان و بەدواداچون لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی رایگەیاند: دوای بڕیاری خەرجكردنی زیاتر لە 8 ملیار دینار بۆ پرۆژەكانی كارەبا، لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەستدەكرێت بە زیاتر لە 20 پرۆژە.
ئەندازیار كاروان ئیبراهیم فەقێ لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە: سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی داوە بە خەرجكردنی رێژەی جیاوازی ئەو گوژمەی لە ئەنجامی گۆڕانكاری نرخی دراوەكان دروست دەبێت بە هەمان مەرجی رەزامەندی بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكان.
وتیشی: لە سنوری سلێمانی زیاتر لە 20 پرۆژە كە بەهۆی گۆڕانكاری نرخی دراو وەستابون دەستپێدەكەنەوە و بەهای كۆی ئەو پرۆژانە زیاتر لە 8 ملیار دینارە و چاوەڕێی  وەزارەتین كە رێنمانی دەربكات و پرۆژەكان دەستپێبكەنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group