پارێزگاری هەولێر سەردانی لایەنە سیاسییەكان دەكات

03/03/2021

نەوا-
بەمەبەستی دروستكردنی رایەڵەی هاوكارییەكان لە نێوان دامەزراوەی پارێزگا لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كە بارەگاكانیان لە شاری هەولێرە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر سەردانی لایەنەسیاسیەكانی كرد.
ئومێد خۆشناو لە یەكەم وێستگەی سەردانەكەیدا چوە مەڵبەندی سێی یەكێتی لەشاری هەولێر و دوای كۆبونەوە د. رێبوار اسماعیل لێپرسراوی مەڵبەند لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی: ئەو ئەركەی لەسەر شانییەتی ئەركێكی قورسە و ئێمەش هەرچییەكی پێویست بێت و بۆمان بكرێت هاوكاری دەكەین.
وتیشی: پێویستە ئەو بەربەستانەی هەن لەبەردەم كاركردن و هەلەكانی كاركردن هەڵی بگرێت، هەروەها داوامان كردوە بنەماڵەی شەهیدان و ئەوانەی لە شەڕی دژی داعش شەهید بون زەوییان بۆ دابین بكرێت.
لای خۆشیەوە ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەدا: ئەم سەردانە دەستپێكی بەرنامەیەكی سەردانی لایەنە سیاسییەكانە كە دوو ئامانج لە خۆی دەگرێت، ئەویش بەرنامەی ئێمەیە لەسەر سێكتەرەكانی خزمەتگوزاری لەسەر ئاستی هەولێر كە ئامانجمان كاركردنە بۆ خزمەتی خەڵك و كاری ئێمە دوور دەبێ لە حزبایەتی و بۆ هەمو خەڵكی هەولێرە.
 وتیشی: ئامانجی دوەمی سەردانەكانمان  بۆ ئەوەیە هەمو لایەنەكان هاوكارمان بن بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتگوزارییەكانمان فراوانتر بكەین، لایەنە سیاسییەكانیش لە تێبینیەكانیان ئاگادارمان بكەنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group