بەرپرسێكی ئەمریكی: شەڕڤانان بڕبڕەی پشتی شەڕەكانی دژی داعش بوون

02/04/2021 جیهان

نەوا
جێگری نێردەی پێشووی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، دەڵێـت، شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات بڕبڕەی پشتی ئەو شەڕانە  بوون كە لە سوریا دژی داعش كردوویانە و ئەو هێزەش بە باشترین گروپ ناودەبات كە لە چەند دەیەی رابردوودا راهێنانیان پێكردبن.
ویلیام روباك، جێگری نێردەی پێشووی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە چاوپێكەوتنێكدا باسی لەوەكردووە، "كوردەكان لەگەڵ عەرەبەكانی باكووری رۆژهەڵاتی سووریا خۆیان رێكخست و هێزەكانی سووریای دیموكراتیان دامەزراند و ئەوەش ئەو هێزە بوو كە لە شەڕی دژ بە داعشدا هاوپەیمانان پشتیان پێبەست.
وتیشی، ئەو هێزە بۆ تێكشكاندنی داعش زۆر گرنگ بوو. هەسەدە هێزێك بوو كە كورد و عەرەبیشی تێدابوو، بەڵام بەدڵنیاییەوە ژمارەیەك لە بەرپرسە گرنگەكانی كورد بوون.
 روباك باسی لەوەشكردووە، شەڕڤانان لە رووبەڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا بوێر بوون و "ئامادەی قوربانیدان بوون. لە بواری سەربازیشەوە خاوەن دیسیپلین بوون. ئەوان شەڕێكی باشیان كرد.
هاوكات لە زاری بەرپرسانی ئەو هێزە تایبەتەی ئەمریكا كە لە سوریا بوون، وتویەتی،  كە شەڕڤانان باشترین گروپ بوون كە لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا ئەمریكا راهێنانی پێكردوون و پڕ چەكی كردوون.
جەختیشی كردوەتەوە، كە لە ئۆپراسیۆنەكانی هاوپەیمان لە دژی داعش لە سوریا شەڕڤانان بڕبڕەی پشتی شەڕەكە بوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group