كۆریای باكور: لێدوانەكانی بایدن مایەی قەبوڵكردن نین

02/05/2021 جیهان

نەوا-
وەزارەتی دەرەوەی كۆریای باكور هەڵوێستەكانی سەرۆكی ئەمریكا لە دژی وڵاتەكەی بە دوژمنكارانە ناودەبات و هۆشداریش دەدات لە لێكەوتەكانی ئەو جۆرە هەڵوێستانە.
دوای ئەوەی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا بەرنامە ئەتۆمیەكەی كۆریای باكوری بە مەترسیەكی گەورە بۆ سەر ئاسایشی جیهان ناوبرد و رایگەیاند، ستراتیژێكی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو بەرنامەیە دەگرێتەبەر، پیونگ یانگ بە توندی وەڵامی دایەوە.
وەزارەتی دەرەوەی كۆریای باكور لە راگەیەنراوێكدا باسی لەوەكردووە، وتەكانی بایدن لە بارەی بەرنامە ئەتۆمیەكەی پیونگ یانگ مایەی قەبوڵكردن نییە و ئەو قسانەی ئابڕوچوونێكی گەورەن بۆ واشنتۆن.
باسی لەوەشكردووە، بایدن سەلماندوویەتی كە درێژەپێدەری سیاسەتێكی دوژمنكارانەیە كە نزیكەی نیو سەدەیە ئەمریكا بەرامبەر بە كۆریای باكور پەیڕەوی دەكات.
هاوكات قسەكانی بایدنیشی لە بارەی رەوشی مافی مرۆڤ لە كۆریای باكور بە سوكایەتی بە كیم جۆنگ ئون ناوبردووە و رایگەیاندووە، ئەو جۆرە هەڵوێستانە دەریدەخەن ئەمریكا خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەواوەتی ئامادەكردووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group