یەکەم رۆژی جەژن لە هەرێم راگەیه‌نرا

11/05/2021

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان ڕايگەیاند، بەهۆی نەبوونی بەڵگەی شەرعی و نەبینی مانگ لە ئاسمانی هەریمی کوردستان، سبەی چوارشەممە تەواوکەری مانگی ڕەمەزانە و ڕۆژی پێنج شەم یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە.

 د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، دوای کۆبوونەوەی لیژنەی فتوا و لیژنەی بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە هەرێمی کوردستان و دوای ئەوەی دەرکەوت کە مانگ لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان نەبینراوە بۆیە سبەی تەواوکەری مانگی ڕەمەزانە و ڕۆژی پێنج شەممە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە. 
ناوبراو وتیشی: جەژنی ڕەمەزان پەیامی ئاشتەوایی و یەک ڕیزی و یەک دەنگییە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و دەرفەتی یەک ڕیزییە و دەست لەناو دەستی یەکتر بین و لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بۆ ئەوەیە کە ئاشتی و تەبایی لەناو کۆمەڵاندا هەبێ و کوردستان لە سایەی هەموومان بەیەکەوە، کە کلتووری بەیەکەوە ژیان و ئاشتیانەی هەیە بۆیە نموونەیەکی جوان و بەرچاوە.
پشتیوان سادق لەبارەی ئەو فتوایانەی کە دەردەچن لەلایەن مامۆستایانی ئایینیەوە، وتی: لە هەرێمی کوردستان لیژنەی باڵای فتوای سەربە یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان هەیە و ئەوان هەر فتوایەک پێویست بێ دەریدەکەن.‎

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group