بنزیمە: زیدان لە ریاڵ مەدرید دەمێنێتەوە

25/05/2021 وەرزش

نەوا-
كەریم بنزیمەی فەرەنسی و هێرشبەری یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی دەڵێت، زەینەدین زیدانی هاونیشتمانی ریزەكانی یانە ئیسپانییەكە جێناهێڵێت و دەمێنێتەوە.
بنزیمە بە رۆژنامەی "لیكیپ"ی فەرەنسی وتووە، پشتگیری ئەو تۆمەت و رەخنانە ناكەم كە سەبارەت بە بەدەستنەهێنانی هیچ نازناوێك لەم وەرزەدا رووبەڕووی یانەكە دەكرێتەوە، كێشەی زۆرمان هەبوو و تەنها ئەم وەرزشە 60 جار پێكهان تووشی یاریزانەكان بوون.
ئاماژەی بەوەشداوە، نەمانتوانی بە پێكهاتەیەكی باشەوە یاری بكەین و وەرزێكی سەخت بوو، بەڵام گەیشتینە نیوەی كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا و تا كۆتاییش لە خولی ئیسپانی جەنگاین.
ئەستێرە فەرەنسییەكە سەبارەت بە چارەنوسی زەینەدین زیدانی راهێنەر وتویەتی، پێم وانییە زیدان بڕوات و ئەو دەمێنێتەوە و دواتر دەیبینین، من بەڕاستی رێزی زیدان دەگرم و ئەو زۆر راشكاوە لەگەڵمدا، متمانەیەكی زۆرم دەداتێ‌ لە یاریگادا.
جەختیلەوەشكردووەتەوە، تائێستا ئەو راهێنەری ریاڵە و پێموانییە یانەكە جێبهێڵێت، ئەگەر بڕیاریشیدا ئەوە بكات ئەوا لە ئێستادا پێشبینی یانەكە بەبێ‌ ئەو ناكەم.
بەپێی راپۆرتە وەرزشییەكان، دوای ئەوەی لە قۆناغی نیوەی كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا كرایە دەرەوە، زیدان بڕیاریداوە یانەی ریاڵ مەدرید جێبهێڵێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group