وەزیری دارایی: دەتوانین بە ئامانجی زیاترکردنی داهات جوڵەی بازرگانی زیاد بکەین

09/06/2021

نه‌وا
وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوبەری گشتی گومركی هەرێمی كوردستان و سەرجەم بەڕێوبەرەكانی گومرك رایگەیاند: "گومرك سەرچاوەیەكی گرنگی داهاتە لە هەرێمی كوردستان دەبێت بە هەموومانەوە پارێزگاری لەو داهاتە گرنگە بكەین".

 ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری لەگەڵ بەڕێوبەری گشتی گومركی هەرێمی كوردستان و سەرجەم بەڕێوبەرەكانی گومرك لەسەر زیادكردنی داهات و جوڵەی بازرگانی كۆبوونەوە.
به‌پێی راگه‌یه‌نراوێكی وه‌زاره‌تی دارایی، لەسەرەتای كۆبوونەوەكە وەزیری دارایی و ئابوری باسی ئاستەنگەكانی بەردەم كاری بازرگانی كرد لە هەرێمی كوردستان و بەڵێنی ئەوەیدا، "هەموومان پێكەوە دەتوانین كاری باشتر بكەین لە پێناو زیادكردنی جوڵەی بازرگانی و بە ئامانجی زیادكردنی داهات".
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، ساماڵ عەبدولرەحمان بەڕێوبەری گشتی گومركی هەرێمی كوردستان، باسی ئاستەنگەكان كرد و پێكەوە ڕێگاچارەسەری گونجاویان دەستنیشانكرد تاوەكو لەو ڕێگەیەوە، ڕێ و شوێنی پێویست  بۆ ئاسانکاری و لابردنی ئاستەنگەكان لە پێناو باشتر کردن و زیاد کردنی جووڵەی بازرگانی و داهات، بكرێت.
به‌پێی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا، وەزیری دارایی و ئابوری، جەختی لەوە كردەوە: "گومرك سەرچاوەیەكی گرنگی داهاتە لە هەرێمی كوردستان دەبێت بە هەموومانەوە پارێزگاری لەو داهاتە گرنگە بكەین".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group