مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی بەلجیكا كۆبوونەوە

10/06/2021

نەوا-
لە دووەم رۆژی سەردانەكەی بۆ بەلجیكا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سۆفی ویلمز، وەزیری دەرەوەی بەلجیكا كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، برەودان بە پوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەلجیكا و دوا پەرەسەندنەكانی عێراق و ناوچەكە بەگشتی، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرالی، مەترسی و هەڕەشەكانی تیرۆر و شەڕی داعش و ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی و بنبڕكردنی هۆكارەكانی و كاركردن بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی و تەناهی لە ناوچەكە و چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبەش تاووتوێ كران.
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ پشتیوانی بەلجیكا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی هاوكاری و هەماهەنگیی بەلجیكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە.
هەروەها پابەندبوونی هەرێمی كوردستانیشی بە پەرەپێدانی كولتووری پێكەوە ژیانی ئاشتییانە دووپات كردەوە. 
جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی بەلجیكا، سوپاسی هەماهەنگیی وكارئاسانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ نێردەكانی بەلجیكا بۆ عێراق و سوریا.
هاوكات هاوسۆزی و پشتیوانیی و ئامادەیی وڵاتەكەشی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی هەمەلایەنە لە گەڵ هەرێمی كوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی گرفت و ئاستەنگە ئەمنییەكان و تیرۆر بەگشتی .
رۆژی چوارشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە بەلجیكا و لەگەڵ هەریەك لە سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی فلاندەرز كۆبووەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group